ناس کورد-
وەزارەتى دارایی و ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاری دا شەوانە دەرگای سەرەكی دەروازە سنووریەكان بخرێتە ئەستۆى بەڕێوەبەرایەتی دەروازەكان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وەزارەتەکە ئەمڕۆ لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، لە درێژەی پرۆسەی چاكسازی لە دەروازە سنووریەكان وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاریدا كە شەوانە دوای تەواوبوونی كارە گومرگیەكان دەرگای سەرەكی دەروازە سنووریەكان بۆ ناو هەرێم تایبەت بە باڵهەڵگرەكان بخرێتە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی دەروازەكان تا ڕۆژی دواتر جوڵەی بازرگانی دەستپێدەكاتەوە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو کارە لە پێناو ڕێگەگرتنە لە دیاردەی قاچاخچیەتی لە دەروازە نێودەوڵەتیەكان.
وەزارەتەکە هەروەها لە نوسراوێکدا بڕیاریداوە بە كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری گومرگی، لە پێناو چاكسازی زیاتر لە دەروازە سنووریەكان و بەرزكردنەوەی شەفافیەت لە كاری گومرگیدا.
نوسراوەکەى وەزارەت نێردراوە بۆ سەرجەم دەروازە سنورییەکانی هەرێم.