گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

هەفتەی ڕابردوو 30 ئێزدیی ڕزگارکراون

نوسینگەی ڕزگارکردنی ئێزدییەکان بۆ ناس: چارەنووسی زیاد لە سێ هەزار ئیزدیی نادیارە

2019.03.04 - 11:27
نوسینگەی ڕزگارکردنی ئێزدییەکان بۆ ناس: چارەنووسی زیاد لە سێ هەزار ئیزدیی نادیارە

 

ناس كورد - عه‌مار عه‌زیز

 

سەرەڕای ئەوەی داعش ڕووبەرێکی زۆر کەمی بەدەستەوە ماوە، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی زیاد لە سێ هەزار ژن و منداڵی ئێزدیی کە کەوتبوونە دەست ئەو ڕێکخراوە بە نادیاریی ماوەتەوە.

لەگەڵ پێشڕەوییەکانی شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ سەر دواین مۆڵگەکانی داعش، لە هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە 30 منداڵ و ژنی ئێزدیی ڕزگارکران.

حسێن قائیدی لێپرسراوی نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدیی له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەرنامەیەکی چڕیان داناوە بۆ ڕزگارکردنی ئەو کچ و ژنانەی تا ئێستا لەدەست چەکدارانی داعشدا ماون.

بە وتەی قائیدی، لە کۆی ئەو شەش هەزار و 417 ئێزدییەی لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە ڕفێندران، تا ئێستا سێ هەزار و 371 کەس ڕزگارکراون.

"ئه‌و كه‌سانه‌ی ئێمه‌ ڕزگاریان ده‌كه‌ین فۆرمێكی تایبه‌تیان بۆ پڕدەکەینەوە، پرده‌كه‌ینه‌وه‌ و هه‌موو زانیاریه‌كان له‌و فۆرمه‌دا تۆمارده‌كه‌ین، هەروەها هه‌ندێك كه‌لوپه‌لی پێویست دابه‌ش ده‌كه‌ین بەسەریاندا، ئه‌گه‌ر پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ری ده‌رونی هه‌بێت ئێمه‌ سه‌نته‌رێكمان هه‌یه كه‌ سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌بەرایه‌تی ته‌ندروستی شاری دهۆكه‌ له‌وێ چاره‌سه‌ری پێویست وه‌رده‌گرن،" حسێن قائیدی وادەڵێت.

لێپرسراوی نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدیی ره‌خنه‌ له‌ حكومه‌تی عێراق دەگرێت و دەڵێت:"به‌داخه‌وه‌ حوكمه‌تی عێراق هاوكاری ئێمه‌ ناكه‌ت بۆ رزگاركردنی رفێنراوان، چه‌ندین جار به‌ فه‌رمی داوامان لێ کردوون هاوكاری ئێمه‌ بکەن، به‌ڵام بێ سود بووه‌ و ته‌نیا حكومه‌تی هه‌رێم هاوكاری ئێمه‌ی كردووه."‌

له‌بارەی ئه‌وه‌ی ئه‌و كچ و ژنانه‌ی كه‌ تا ئێستا له‌ ژێر ده‌ستی داعشدا ماون له‌ چ شوێنێكن، قائیدی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد "ئێستاش ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ منداڵ و كچ و ژنانی ئێزیدی له‌ وڵاتی سوریا و هه‌ندێك شاری عیراق دا ماون كه‌ پێش ئێستا ئه‌و شوێنانه‌ له‌ ژێر ده‌ستی داعش دابوون".

ده‌روازه‌ی سنوری نێوان شنگال و سوریا، له‌ کانونی یه‌که‌می 2018ه‌و به‌ بڕیاری حکومه‌تی عیراق و له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌وه‌ داخرا به‌هۆی "نافه‌رمی بوونییەوە"‌، به‌ وته‌ی قائیدی به‌هۆی به‌رده‌وامی داخستنی ئه‌و ده‌روازه‌یه کێشەی زۆر بۆ رزگاركراوه‌كان دروست ده‌بن، "كاتێك ژماره‌یه‌ك لە کەسوکارەکانی ئێمه‌ له‌سوریا رزگارده‌كرێن و دواتر به‌رێ ده‌كرێن بۆ شنگا، چه‌ند ڕۆژێك دواده‌كه‌ون تاوه‌كو ده‌گه‌نه‌ شوێنه‌كانی خۆیان، ئه‌مه‌ش به‌هۆی داخستنی ئەو دەروازەیە، ئه‌گه‌ر دەروازەکە بكرێته‌وه‌ هیچ كێشه‌ بۆ رزگاركراوه‌كان دروست نابێت و پرۆسه‌كه‌ ئاسانتر ده‌بێت".

لە مانگی ئابی 2014، چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەرقەزای شەنگال و داگیریانکرد، بەو هۆیەوە هەزاران کچ و ژن و منداڵی ئێزدیی کەوتنە دەست چەکدارانی داعش و دواتر گواسترانەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو کاتی داعش لە عێراق و سوریا.