گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەو کەسانەی یەکەمجار پێیان دەدرێت کێن؟

عێراق ’’بەڵێن لە ڕوسیا وەردەگرێت’’ بۆ دەستکەوتنى ڤاکسینى کۆرۆنا

2020.08.12 - 09:20
عێراق ’’بەڵێن لە ڕوسیا وەردەگرێت’’ بۆ دەستکەوتنى ڤاکسینى کۆرۆنا

ناس کورد-

ئەندامێكی شانەی قەیرانەكانی سەر بە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، عێراق سەرەی گرتووە بۆ كڕینی ڤاكسینی دژە كۆرۆنای ڕوسی و بەمنزیكانەش دەستیدەكەوێت.

 

نەهرۆ محمەد، ئەندامی شانەی قەیرانەكانی سەر بە پەرلەمانی عێراق بە میدیاى فەرمى عێراقییەی ڕاگەیاندووە، عێراق یەکێک لەو 20 وڵاتەى كە داواكاری بۆ بەدەستخستنی ڤاكسینی دژە كۆرۆنای پێشكەشی ڕوسیا كردووە و چاوەڕواندەكرێت بەمنزیكانە بەدەستیبكەوێت.

 

دەشڵێت، بەرپرسانی ڕوسیا وتوویانە ڤاكسینەكە بەمنزیكانە دەگاتە عێراق و لەسەرەتاشدا دەدرێتە ئەوانەی كە دۆخیان خراپە و پێویستیان پێیەتی، و دواتریش ئەو چینانە دیاریدەكرێت كە پێیاندەدرێت.

 

رۆژى سێشەممە ڤلادمێر پوتن، سەرۆكی ڕوسیا ڕایگەیاند، بڕیاری لەسەر بەکارهێنانی یەكەم ڤاكسینی دژە كۆرۆنا لەجیهاندا داوە و داواشی لەوەزیری تەندروستی وڵاتەكەی كرد دەستبەجێ دەستبكەن بە دابەشكردنی لە ڕوسیا و هەروەها ئەو وڵاتانەی كە ناوی خۆیان تۆمار كردووە بۆ كڕینی.

 

زیاتر بخوێنەوە: پزیشکە پیرەکەى کۆشکی سپی گومانی لە ’’ڤاکسینە ڕوسییەکە’’ هەیە

زیاتر بخوێنەوە: روسیا ئامادەبوونى ڤاکسینەکەى دژى کۆرۆنا ڕاگەیاند  


لای خۆشیەوە، دكتۆر ڕیاز عەبدولئەمیر، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق بەڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە، وڵاتەكەی دەستپێشخەرى کردووە بەمەبەستی هەماهەنگیكردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی جیهاندا بۆ بەدەستهێنانی ڤاكسینێكی كاریگەر و ئەركی لەپێشینەی ناو تۆماركردنیەتی بۆ ئامادەكردنی بەشێكی زۆر لە ڤاكسینەكە بۆ بەرەنگاربوونەوەى دۆخە تەندروستیەكە بەپشتبەستن بەوانەی كە خێرا بەرهەمی دەهێنن و دەیخەنە بازاڕەوە.

 

باسی لەوەش كرد، چەند چینێك هەیە دەبێت سەرەتا بەوان بدرێن لەوانە ئەوانەی كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، چونكە زیاتر دووچاری مەترسیەكانی نەخۆشیەكە دەبنەوە و هەروەها بە تەمەنەكان و ئەو كارمەندە پزیشكیانەی لە سەنگەرەكانی پێشەوەی دۆخەكەن، لەگەڵ پێدانی بەهێزە ئەمنییەكان و دواتریش چینەكانی دیكە.

 

ئەوە لەکاتێکدایە، زانایانى ڕۆژئاوا گومانیان هەیە لەبارەى خێرایی گەشەپێدانى ڤاکسینە ڕوسییەکە و دەڵێن، ڕەنگە توێژەران تاقیکردنەوە پێویستەکانیان کورتبکرێتەوە، لەژێر فشارى دەسەڵاتداراندا.  

 

ڕوسیا چەند مانگێکە کار دەکات لەسەر گەشەپێدانى چەند ڤاکسینێک هاوشێوەى وڵاتانى دیکەى جیهان، ڤاکسینەکەى ئێستا کە بەناوى "گاماليا" ناوبراوە بەهاوکارى لەگەڵ وەزارەتى بەرگریی ڕوسیا گەشەى پێدراوە، کە هیچ ماددەیەکى ڤایرۆسى لە پێکهاتەکەیدا نییە.  

  

تا ئێستا زیاتر لە 28 ڤاکسین لەسەر ئاستى جیهان لەژێر پڕۆسەى گەشەپێدان و تاقیکردنەوەدان و هەندێکیان لە قۆناغى کۆتایی نزیکبوونەتەوە.  

  

سەرەڕاى چڕى هەوڵەکان لەو بارەیەوە، زۆربەى زانایان پێیانوایە هیچ ڤاکسینێک بەشێوەى بەربڵاو بەردەست نابێت بۆ توشبووانى کۆرۆنا تا ناوەڕاستى ساڵى داهاتوو.