گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

رووسیا یاری بە ژیانی هاووڵاتیان دەکات

ئەمریکا و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕەخنە لە ڤاکسینەکەی ڕووسیا دەگرن

2020.08.11 - 22:04
ئەمریکا و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕەخنە لە ڤاکسینەکەی ڕووسیا دەگرن

ناس کورد-

لەدوای ڕاگەیاندنی بەرهەمهێنانی یەکەم ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لە جیهاندا لەلایەن ڕووسیاوە، ئەمریکا و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هاتنەدەنگ و دەڵێن، کەلێن لە هەلومەرج و سیستمی زانستی دروستکردنی ڤاکسینەکەدا هەیە.

 

 ئەمڕۆ سێشەممە 11ی ئابی 2020، ڤلادمێر پۆتین، سەرۆکی ڕووسیا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیرەکانی حکومەتەکەیدا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی توانیویەتی ڤاکسینی دژبە کۆرۆنا بەرهەمبهێنێت و ناویان ناوە "Sputnik V" ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ هێزو و توانای ڕوسیا کە توانیویەتی لەساڵی 1957 یەکەم مانگی دەستکرد لە جیهاندا بەوناوە ڕەوانەی بۆشاییەکانی ئاسمان بکات. 

 

 پۆتین ئاماژە بەوەکرد، یەکێک لەکچەکانی ڤاکسینە نوێیکەی لەخۆی داوە وتی :" کچەکەم لە تاقیکردنەوە تەختییەکانی ڤاکسینەکەدا بەشداربووە  ودوای ئەوەی ڤاکسینەکەی تاقیکردوەتەوە هەندێک پلەی گەرمی لەشی بەرزبووەتەوە، بەڵام لەئێستادا باشە".

 

جەختیلەوەشکردەوە :" ڤاکسینەکە زۆر کارایە و توانای ئەوەی هەیە بەرگرییەکی بەردەوام دژبە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جەستەی مرۆڤدا دروست بکات".

 

چەند کاتژمێرێک دواتر، ئەمریکا و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هاتن دەنگ و ڕایانگەیاند، "ڕوسیا هیچ وردەکارییەکی دەربارەی پێوەرەکانی سەلامەتی و چونێتی ئەنجامدانی ڕێکارەکانی تاقیکردنەوە تەختییەکان دەربارەی ڤاکسینەکە ئاشکرا نەکردووە، ئەوەش وادەکات ڕوسیا ژیانی هاووڵاتیانی خۆی بخاتە مەترسییەوە".

 

هاوکات ڕۆژنامەی"وۆل سترت جۆرناڵ"ی ئەمریکی دەربارەی ڤاکسینە ڕوسییەکە بڵاویکردەوە: "بەهۆی تەمومژاوی بارودۆخی دروستکردنی ڤاکسینە ڕوسییەکە مەترسی لەلای وڵاتانی ڕۆژئاوادا دروستبووە، کرمیلین گەمە بە تەندروستی و سەڵامەتی هاووڵاتیانیەوە دەکات".

 

ئەمە لەکاتێکدایە کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، ئەنتۆنی ڤاوچی، شارەزای نەخۆشییە گوازراوەکان و ئەندامی شانەی قلاچۆکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند: "بەکارهێنانی هەر ڤاکسینێک پێش ئەوەی قۆناغی تاقیکردنەوەی تەختی ئاسایی خۆی ببرێت کێشەی گەورەی لێدەکەوێتەوە".

 

لای خۆشییەوە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوای لەو وڵاتانە کرد کە لەئێستا سەرقاڵی دروستکردنی ڤاکسینی دژبە کۆرۆنان، ڕێز لەهێڵە گشتییەکان و ڕێنماییەکانی دروستکردنی ڤاکسینەکان بگرن. 

 

بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ڕوسیا: "ڤاکسینە ڕوسییەکە لە مانگی کانوونی دووەمی 2021دا فەراهەم دەکرێت و دەتوانرێت بەکاربهێنرێت".

 

ئاماژە بەوەشکراوە: "زیاتر لە 20 وڵات لە جیهاندا داویانکردووە یەک ملیار دانە لەو ڤاکسینەیان بۆ دروستبکرێت، بۆیە بڕیارە تاسەرەتای ساڵی داهاتوو چەند ملیۆن دانەیەک لەو ڤاکسینە بەردەست بکات".

 

ڤاکسینە ڕۆسییەکە لەلایەن ناوەندی "گامالیا"ی پزیشکی بەهاوکاری وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا دروستکراوە.