ناس کورد-
وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونن بۆ سەلامەتی و کاریگەریی ڤاکسینە نوێیەکەی ڕوسیا لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ سێشەممە، 11ی ئابی 2020، ڕوسیا بەرهەمهێنانی یەکەم ڤاکسینی کۆرۆنای لە جیهاندا ئاشکرا کرد و ڕێگەی دا بە بەکارهێنانی.
حازم جومەیلی، بریکاری وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە ئاژانسی فەرمی عێراقییەی وتووە: "لایەنی تەکنیکی وەزارەت بە هەماهەنگی تەندروستیی جیهانی سەلامەتی ڤاکسینەکە تاوتوێ دەکەن، هێشتا زانیاریی تەواومان لەبارەى ڤاکسینەکە نییە."
ئاماژەى بەوەشکردووە: "وەزارەت نابێت هیچ ڤاکسینێک بەکاربهێنێت کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە ڕێگەی پێنەدرابێت، هەرچەندە هەماهەنگی تەواو هەیە لەو لایەنەوە و بەردەوام لەسەر خەتین لەگەڵ بەرپرسانی ڕێکخراوە جیهانییەکە."
لەئێستادا عێراق بە قۆناغێکی سەختی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا تێدەپەڕێت و بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 156 هەزار حاڵەتی ڤایرۆسەکە تۆمارکراون و پێنج هەزار و 531 کەسیش گیانیانلەدەستداوە.