گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەڵام پێشنیازێکی نوێ دەخاتە بەردەم وەزارەت

نەخۆشخانەى فاروق: بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین نەخۆشی کۆرۆنا وەرگرین

2020.08.11 - 16:41
نەخۆشخانەى فاروق: بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین نەخۆشی کۆرۆنا وەرگرین

ناس کورد-

شاری پزیشکیی فاروق ڕونکردنەوەیەکی لەبارەى داخڵکردن و چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا بڵاوکردەوە و دەڵێت، "نەخۆشخانەکەمان ئامادە نییە بۆ داخڵکردن و چارەسەری تووشبووی کۆڤید-١٩ چونکە تووشبووی کۆڕۆنا و بە تایبەتی لە حاڵەتە سەختەکاندا، پێویستی بە هەندێك ئامادەکاری تایبەت هەیە هەر لە کەرەنتین و پشکنین و سیستمی فشاری نێگەتیڤ لە ناو ژوورەکانی چارەسەر و لە بەشی چاودێری چڕ و هەروەها پێویستە ئەو شوێنەی تووشبووی کۆڕۆنای تیا داخڵدەکرێت و چارەسەریان بۆ دەکرێت بە هیچ شێوەیەك نەخۆشی تری جگە لە کۆڕۆنا تیا چارەسەر نەکرێت بۆ ئەوەی پەتاکە بۆ نەخۆشەکانی تر نەگوازرێتەوە."

 

ئەمڕۆ سێشەممە، 11ی ئابی 2020، نەخۆشخانەکە لە ڕونکردنەوەیەکدا دەڵێت، "بە پێویستی دەزانین وەك شاری پزیشکیی فاروق دووپاتی بکەینەوە کە ئێمە ئاگادار نین و بە هیچ جۆرێك پەیوەندیمان نییە بەو بڕیارەی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە تیایدا رێگەی داوە بە چارەسەرکردنی نەخۆشی کۆڕۆنا لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان و هەروەها نرخی بۆ دیاری کردوون."

 

دەشڵێت، بەڵام ئێمە بە گرنگی دەزانین کە وەزارەت رێگە بدات بەو نەخۆشخانە ئەهلییانەی کە توانایان هەیە و ئامێری پێشکەوتووی (PCR-RT)یان هەیە وەك نەخۆشخانەکەمان، رێگەمان پێبدرێت کە پشکنین و دەستنیشانکردنی نەخۆشی کۆڕۆنا بکەین و بە نرخی تێچوون و بێ هیچ زیادکردنێك سەروو تێچوون، بۆ ئەوەی کە توانای دەستنیشانکردنی حاڵەتەکانی کۆرۆنا لە هەرێم و عیراق زیاد بکەین و هاوکاری زیاتری حکومەت بکەین بۆ زووتر دۆزینەوەو کەرەنتینی تووشبووان."

 

"چونکە تا ئێستا ئەم کارە کاریگەرترین رێگەیە بۆ کەمکردنەوەی تەشەسەندنی پەتاکە کە بە داخەوە لە هەرێمدا لە هەڵکشاندایە. بە هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ هەموو تووشبووانی ئەم پەتایە،" نەخۆشخانەکە دەڵێت.