ناس کورد-
کۆمپانیایەکی عێراقی تایبەت بە ئەنجامدانی توێژینەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ڕاپرسییەکی دەربارەی ئاستی جەماوەری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانى عێراق بڵاوکردەوە، ئاکامی ڕاپرسییەکە دەریخستووە، بەراورد بە هەردوو سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەهدی، هاووڵاتیانی عێراق بەڕێژەی لە80% کازمیان پێ باشترە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ئاکامی ڕاپرسییەکی کۆمپانیای"موستەقیلە"ی عێراقی تایبەت بە ئەنجامدانی توێژینەوەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە بارەی ئاستی جەماوەری و توانای مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ماوەی 100 ڕۆژی دەستبەکاربوونیدا وەک سەرۆکی حکومەت دەرکەوتووە، "مستەفا کازمی بەرێژەی لە 80% لەلایەن عێراقییەکانەوە پەسەندکراوە و بەڕای ئەوان کەسێکی باوەڕپێکراوە و پێیانوایە لەڕووی بەراورد بە هەردوو سەرۆکوەزیرانی پێش خۆی حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەهدی، زۆر بەتواناو لە پێشترە".
ڕاپرسییەکە لەنێوان مانگی حوزەیران و مانگی ئابی ئەمساڵدا بە شێوەى مەیدانی ئەنجامدراوە و زیاتر لە هەزار و 200 کەس تێیدا بەشداربوون بەبێ جیاوازی لە هەموو چین و توێژەکان و بەشێوەیەکی هەڕەمەکی بەشداربووەکانی ڕاپرسییەکە دیاریکراون".
بەگوێرەی ڕاپرسییەکە ئاستی جەماوەری کازمی لەم مانگەدا(ئاب) بەراورد بە دەستپێکی ڕاپرسییەکە کە لەمانگی حوەزیراندا ئەنجامدراوە بەرێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە بەجۆرێک لە 60%ی عێراقییەکان لە مانگی حوزەیراندا پێیانوابووە کازمی دەتوانێت ئەو ئەرکەی کە لەسەر شانیەتی بەشێوەیەکی باش ئەنجامبدا، بەڵام لە مانگی ئابدا ئەو ڕێژەیە بەرزبووەتەوە بۆ 75%".
لە بەشێکی ڕاپرسییەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئاستی جەماوەری کازمی کە لە مانگی حوزەیراندا 63% بوو لە مانگی ئابدا بەرزبووەتەوە بۆ 80%.
ڕاپرسیەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو"ئەوانەی کە پێیان باش بووە کازمی پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتی وەرگرتووە لە مانگی حوزەیراندا لە 49% بوون، بەڵام لە مانگی ئابدا ڕێژەکە بەرزبووەتەوە بۆ 65 %".
لەبەشێکی دیکەی ڕاپرسییەکەدا بەراوردێک لە ئاست و توانای بەڕێوەبردنی وڵات لەنێوان عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئێستاى عێراق کراوە لە ئاکامدا دەرکەوتووە لە 46%ی عێراقییەکان پێیانوابووە عادل عەبدولمەهدی توانیویەتی بەشێوەیەکی باش ئەو ئەرکە ئەنجام بدات، بەڵام بەرانبەر بەوە لە 75%ی عێراقییەکان پێیانوابووە کازمی لەو بوارەدا بەتواناترە.
لەکۆتایی ڕاپرسییەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەڵسەنگاندنی عێراقییەکان بۆ هەردوو سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق حەیدەر عەبادی، عادل عەبدولمەهدی و سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق مستەفا کازمی بەم شێوەیە بووە، حەیدەر عەبادی لە 65%ى بەدەستهێناوە وعادل عەبدولمەهدی 34% و مستەفا کازمی 80%ی ڕاپرسییەکەی بەدەستهێناوە.
کۆمپانیای"موستەقیلە" لەلایەن کەسایەتی (مونقز داغر) خاوەندارێتی دەکرێت لەساڵی 2015دا بڕوانامەی (ئایزۆ)ی نێودەوڵەتی لە بواری توێژینەوەدا بەدەستهێناوە و زیاتر لە 18 تیمی توێژەریی هەیە و 6 ناوەندی توێژینەوەشی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراقدا هەیە و تائێستا زیاتر لە دوو ملیۆن دیمانەی مەیدانی لە بوارەکانی تایبەت بە تویژنەوە و ڕاپرسیدا ئەنجامداوە.