ناس کورد-
هاوسەرى سێوان قادر لەلایەن دادگاى سلێمانییەوە سزاى لە سێدارەدانى بۆ دەرکرا لەبەرامبەر سوتاندنى ژنەکەیى و منداڵەکانى.
لەدواهەمین دانیشتنى دادگایکردنى کەیسى سێوان قادردا کە لە دادگاى سلێمانى بەڕێوەچوو، دادگاى سلێمانى بڕیارى لەسێدارەدانى هاوسەرى سێوان قادرى دەرکرد بە تاوانى سوتاندنى ژنەکەیى و منداڵەکانى.
کۆساڵان حەمە موراد، پارێزەرى سێوان قادر لەمیانەى ئەنجامدانى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لە دواى دەرکردنى بڕیارەکە بە میدیاکانى وت "دادگاى سلێمانى بڕیارى لەسێدارەدانى بۆ هاوسەرى سێوان قادر دەرکرد و تاوانى سوتاندنى ژنەکەیى و مناڵەکانى بەسەردا ساغ کردەوە".
ئەو پارێزەرە بڕیارەکەى دادگاى بە بڕیارێکى تەواو یاسایى لەقەڵەمدا و وتى "هیچ مادەیەکى یاسایى نییە کە رێگرى لە جێبەجێکردنى ئەو بڕیارە بکات".
هاوکات لە بەشێکى ترى کۆنگرەکەدا ، قادر نورى باوکى سێوان خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بە دەرکردنى ئەو بڕیارە و رایگەیاند " من جەرگم سوتا و بەو بڕیارە زۆر خۆشحاڵبووم".
وتیشى "ئەو بڕیارە وەک ئاوێکى رووناک بوو کە کرا بەسەر دڵى مندا و دەبێت سزاکەش جێبەجێ بکرێت".
باوکى سێوان داواى لە سەرۆکى هەرێم و جێگرەکەى کرد کە واژۆ لەسەر بڕیارەکە بکەن و چیتر کەس نەتوانێت ژن و کۆرپەکانى بسوتێنێت.
ڕۆژی 16ی کانونی یەکەمی 2018، لە قەزای چەمچەماڵ بەهۆى ئاگرکەوتنەوە سێوان و سێ منداڵی سوتان و گیانیان لەدەستدا و لە میانەى بەڕێوەچوونى دادگادا هاوسەرەکەى سێوان قادر رەتیدەکردەوە کە دەستى لە ئاگرەکەدا هەبێت و ئەو بکوژی سێوان و منداڵەکانى بێت.