گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دۆخی ناوخۆیی نەوەى نوێ بەرەو کوێ، فراکسیۆنەکەى جیادەبێتەوە؟ [تایبەت]

2019.04.22 - 15:34
App store icon Play store icon Play store icon
دۆخی ناوخۆیی نەوەى نوێ بەرەو کوێ، فراکسیۆنەکەى جیادەبێتەوە؟ [تایبەت]

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد-

شەوی 21ی نیسانى 2019،  ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و فراکسیۆنی ئەو حیزبە لە بەغدا ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو،" جوڵانەوەی نەوەى نوێ بەجۆرێك لەگەڵ خێزان و بزنس تێکەڵکراوە کە جیاکردنەوەیان سەختە”.

ڕابون مەعروف، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە بەغدا و سەرکەوت شەمسەدین ڕاگەیەندراوەکەیان لە پەڕەى خۆیان لە فەیسبوک بڵاوکردەوە، ڕاگەیەندراوەکە دەشڵێت، “لێرەوە ئێمە ئۆرگانە سەرەکیە ھەڵبژێردراوەکانی نەوەی نوێ، لەبەردەم رای گشتی و گەلەکەمان رایدەگەیەنین کە دیدەگای ئێمە جیاوازە و سورین لەسەر بەردەوامی لەسەر ئەو بنەمایانەی بانگەشەمان بۆ کردن و نەوەی نوێمان لەسەر دامەزراند."

.

 

فراکسیۆنی نەوەى نوێ لە بەغدا: جیانەبووینەتەوە و بەردەوام دەبین

لەدوای ڕاگەیەندراوەکەیان، سەرکەوت شەمسەدین، پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکە بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند، ناڕەزایەتى و ڕاگەیەندراوەکەیان مانای جیابوونەوە لە نەوەى نوێ نییە و بەڵکو ڕاستکردنەوەیە.

لەبارەى پرسیاری ناس کورد کە ئایا لەمەودوا سەرباری ناکۆکیی قوڵیان لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید چۆن بەشداری کۆبوونەوە و چالاکییەکانى نەوەى نوێ دەکەن، سەرکەوت وتی، "سەرقاڵی دۆزینەوەى میکانیزمێکى نوێین بۆ کارکردن لەناو جوڵانەوەکەدا."

وتیشى، "جارێ پەلە ناکەین بۆ ئەوەى ڕایبگەیەنین کێی تر لەگەڵماندایە."

.

سروە عەبدولواحید: ئەو بابەتە پەیوەندی بە منەوە نییە

بەشێک لە ناڕەزایەتى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە بەغدا، بە بنەماڵەییکردنی جوڵانەوەکەیە، سروە عەبدولواحید، خوشکی شاسوار عەبدولواحید، بە نوێنەری جوڵانەوەکە لە دەستەی سەرۆكایەتی هاوپەیمانی چاكسازی ‌و بونیادنان دانراوە، سروە عەبدولواحید بە ناس کورد-ی وت، "ئەو بابەتە پەیوەندی بە منەوە نییە و قسە لەگەڵ حزبدا بکەن."

لە وەڵامی پرسیاری ناس کورد-دا کە ئەو ئەندامی جوڵانەوەکەیە و بەشێک لە ناڕەزایەتییەکان پەیوەندی بە بنەماڵەى عەبدوالواحیدەوە هەیە، سروە عەبدولواحید وتی، "من هیچ نازانم و قسەشی لەسەر ناکەم."

.

فراکسیۆنی جوڵانەوەکە لە هەرێم گلەییان هەیە بەڵام بێدەنگن

فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بەدەر نییە لەو ناڕەزایەتییانە، بەپێی زانیارییەکانى ناس کورد کە لە پەرلەمانتارێکى فراکسیۆنەکەوە وەریگرتووە، ئەوانیش هەمان ناڕەزایەتی و گلەییان هەیە، بەڵام لەترسی تۆمەتبارکردنیان لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە بە تایبەت دوای ئەوەى تۆمەتی سیخوڕی دایە پاڵ چەند ئەندامێکى جوڵانەوەکە لەکاتى جیابوونەوەیان.

سەرباری ئەوە، ئەندامێکى دیکەى فراکسیۆنى نەوەى نوێ کە نەیویست ناو بهێنرێت بە ناس کورد-ی وت، فراکسیۆنەکەیان هیچ کێشەیەکى نییە و "ئێستا لە ناو پەرلەمانداین و کاری خۆمان دەکەین."

 

.

ئەوە ناڕەزایەتى و جیابوونەوەى یەکەمجار نییە لەناو حزبە یەک ساڵییەکەى هەرێمی کوردستاندا، بەڵکو تائێستا چەندین کەس و بەرپرس لە دەوروبەری شاسوار عەبدولواحید دەستیان لەکار کێشاوەتەوە کە نوێترینیان ئارام سەعید، یەکێک لە دامەزرێنەران و ئەندامی ئەنجومەنى باڵای نەوەى نوێ بوو.

هاوکات هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە و لەدوای یەکەم كۆنگرەى جوڵانەوەکە، کۆمەڵێک لە دامەزرێنەرانى جوڵانەوەکە کە شێروان شێروانى و ئیبراهیم عەباس و چەند خۆبەخشێکى دیکە بوون دەستیان لە جوڵانەوەکە کێشایەوە.