گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستى عێراق: تەنها لەم حاڵەتەدا دەکرێت لەگەڵ کۆرۆنادا ژیان ببرێتە سەر

2020.08.11 - 10:14
تەندروستى عێراق: تەنها لەم حاڵەتەدا دەکرێت لەگەڵ کۆرۆنادا ژیان ببرێتە سەر

ناس کورد-

بەڕێوەبەرێتى گشتى تەندروستى لە وەزارەتى تەندروستى عێراق رایگەیاند، خۆپارێزى تاکە ئامڕازى سەرکەوتنە بەسەر شەپۆلى زیادبوونى توشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا.

 

ریاز حلفى، بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى لە وەزارەتى تەندروستى عێراق لە میانەى لێدوانێکى ڕۆژنامەوانى ئاماژەى بەوە کرد، خۆپارێزى تاکە ئامڕازى سەرکەوتنە بەسەر شەپۆلى زیادبوونى توشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا، ئەگەر نا قەیرانەکە بەردەوام دەبێت و ناتوانین ڕزگارمان بێت لێى".

 

رونیشیکردەوە، کێشەى سەرەکى وڵاتى ئێمە ئەوەیە هاووڵاتیان مەترسى نەخۆشییەکە و ڤایرۆسەکەیان بەهەند وەرنەگرتووە، دەوڵەتیش ناتوانێت بەهێز یاسا بسەپێنێت لەڕێگەى سزادانى سەرپێچیکاران و سەپاندنى سزاى توند.

 

بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى، ئاماژەى بەوە کرد، ژیان لەگەڵ ڤایرۆسەکە و گەڕانەوەى ژیانى ئاسایى بە ئاسانى نایەتەدى چونکە زۆرێک بە هەڵە راڤەى ژیانکردن لەگەڵ کۆرۆنا دەکەن، هەروەها هاووڵاتیان وا وێناى دەکەن کە ڤایرۆسەکە کۆتایى هاتووە و رەتیدەکەنەوە پابەندى خۆپارێزى تاکەکەسى بن.

 

بەوتەى ئەو راستى تێگەیشتن لە ژیانکردن لەگەڵ ڤایرۆسەکە بەواتاى کەمکردنەوەى ڕێوشوێنەکانى کەرەنتینە دەبێت لەگەڵ بوونى ڕێوشوێنى خۆپارێزى توند و هەڵگرتنى قەدەغەى هاتووچۆ بەشێوەیەکى پلەبەندى.

 

بەڕێوەبەرە گشتییەکەى وەزارەتى تەندروستى عێراق جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە هەواڵ و راپۆرتى بەشێک لە کەناڵە ئاسمانییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بانگەشەکردن بۆ بوونى ڤاکسینێکى دیاریکراو یاخود توانایى چەند پزیشکێک لە چارەسەرکردنى توشبووان لە ماڵەکانى خۆیان یاخود لە نۆرینگە تایبەتەکانیان بۆتە هۆى زیاتر بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە لەنێو هاووڵاتیان.

 

رونیشیکردەوە، هەندێک لە پزیشکان هەڵدەستن بە چارەسەرکردنى ئەو تووشبووانەى کە دۆخى تەندروستییان لەئاستێکى مامناوەندایە و لە نۆرینگە تایبەتەکانى خۆیان ئیستیغلالیان دەکەن و پارەیان لێدەکێشنەوە.

ریاز حلفى ئاماژەى بەوەش کرد، سکاڵاى یاسایى لەسەر ئەو جۆرە پزیشکانە تۆمار کراوە و روبەڕووى دادگا دەکرێنەوە.