گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وادەکە لە لێوارى تەواوبوندایە

پەرلەمانى عێراق چاوەڕوانى وەرەقەى چاکسازى حکومەتە

2020.08.11 - 08:58
پەرلەمانى عێراق چاوەڕوانى وەرەقەى چاکسازى حکومەتە

ناس كورد-

لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، ئەو مۆڵەتەى بۆ حکومەت دیاریکراوە بۆ پێشکەشکردنى وەرەقەى چاکسازیی بە پەرلەمان 24ى ئەم مانگە کۆتایی دێت و پێویستە پابەند بێت بەو وادەیەوە.

 

 

 

 

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەرى لیژنەکە بە رۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى ڕاگەیاندووە، چاوەڕواندەکرێت حکومەت وەرەقەى چاکسازى پێشکەشى پەرلەمان بکات و کۆبوونەوەیەکى نائاسایی لەدوو هەفتەى داهاتوودا لەبارەیەوە ببەسترێت.

 

وتیشى "لیژنەى دارایش وەرەقەى چاکسازى خۆى ئامادە دەکات و پێدەچێت لەگەڵ حکومەت کۆبینەوە بۆ یەکخستنى وەرەقەکان و ئامادەکردنى یەک دانە بۆ بوژانەوەى ئابورى و زیادکردنى داهات و کەمکردنەوەى خەرجییەکان".

 

ئەحمەد سەفار باسى لەوەشکرد، یاساى قەرز حکومەتى دەستکراوە کردووە کە پارەى پێویست بۆ موچەى فەرمانبەران بۆ ماوەى سێ مانگ قەرز بکات، لەگەڵ بەرزبوونەوەى نرخى نەوتیشدا داهات زیاد دەکات، بۆیە پێویستە حکومەت پارەى هەبێت بۆ دابەشکردنى موچە.

 

جەختیشیکردووەتەوە، بڕیارەکەى لیژنەى دارایی روونە کە رێگە بە حکومەت نادات هیچ قەرزێک بکات، ئەگەر پڕۆژەى بودجە رەوانەى پەرلەمان نەکات، لەبەرانبەردا حکومەت بەڵێنیداوە لە 60 رۆژدا چاکسازى بکات.

 

بەپێی یاساى قەرز کە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند کراوە، حکومەت دەتوانێت تا بڕى 15 ترلیۆن دینارى ناوخۆ، پێنج ملیار دۆلارى دەرەکى قەرز بکات، بەمەرجێک پڕۆژەى بودجە رەوانەى پەرلەمان بکات.

 

جەمال کۆچەر ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەڵێت "وادەکەى بەردەم حکومەت بۆ ناردنى وەرەقەى چاکسازیی لە لێوارى تەواوبوندایە و پێویستە لەوادەى دیاریکراوى خۆیدا رەوانەى بکات".

 

وتیشى "لیژنەى دارایی وەرەقەى چاکسازى خۆى ئامادەکردووە، بەڵام حکومەت هێشتا وەرەقەکەى خۆى نەناردووە تا بکرێن بەیەک".