گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نیویۆرک تایمز: بە هەمان پاڵنەرەکانی بۆش بۆ ڕوخانى سەدام، ترەمپ هەوڵى ڕوخانى ڕژێمى ئێران دەدات

2020.08.11 - 00:05
نیویۆرک تایمز: بە هەمان پاڵنەرەکانی بۆش بۆ ڕوخانى سەدام، ترەمپ هەوڵى ڕوخانى ڕژێمى ئێران دەدات

ناس کورد-

ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی بڵاویکردەوە، هەمان ئەو فاکتەرانەی کە بوونە هۆی ئەوەی جۆرج دەبلیو بۆش، سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا عێراق داگیربکات، لە ئێستادا بەشێکن لە سیاسەت و عەقڵییەتی ئیدارەی دوناڵد ترەمپ و بەتوندی کاری لەسەر دەکرێت بۆ ڕوخاندنی حکومەتی تاران.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی کە جاکوب هێلیران تێیدا پێداچوونەوەیەکی بۆ کتێبەکەی "ڕۆبەرت درابەر" کردووە کە لەساڵی 2007دا بە ناونیشانی (دەسپێکی جەنگ، چۆن ئیدارەی بۆش ئەمریکای لەعێراق دوچاری تەنگ وچەڵەمەکرد) نوسیوە، هێلیران ئاماژەی بەوەکردووە "ڕەگی ململانێیەکان لە کۆتایی ساڵی نەوەدەکاندا سەریهەڵدا، بۆش بەهیچ شێوەیەک ڕێگەی بەوە نەدەدا کەس دەستبخاتە ناو بڕیارەکانییەوە و دەرفتیشی بەوە نەدەدا کە کەس پرسی مانەوەی ڕژێمەکەی سەدام حسێنى لەگەڵدا باس بکات".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، "دوو ڕووداوی گرنگ بیرۆکەی داگیرکردنی عێراق لەلایەن بۆشەوە زیاتر پاڵنا یەکەم،  یاسای ڕزگارکردنی عێراق کە لەلایەن گۆنگرێسی ئەمریکاوە لەساڵی  1998 دەرکرا، دووەم پێکهێنانی لیژنەی (ڕامسڤیلد) کە تێیدا دەسەڵاتێکی زۆر بەخشرا بە وەزیری بەرگریی ئەو کاتەی ئەمریکا  (دوناڵد ڕامسڤیلد) لەسەر حیسابی ئاژانسی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا".

 

بەپێى راپۆرتەکە، "لیژنەکە بڕیاری بەرپاکردنی شەڕی دژ بە عێراق  لە ڕێگەی چەند سیناریۆیەکەوە گەرم کرد کە ئەوەش ئەگەری بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بوو لەلایەن عێراقەوە. بیرۆکەی داگیرکردنی عێراق دوای ڕووداوەکانی 11ی سێپتێمبەری 2001 لەلایەن ئیداری بۆشە چووە قۆناغێکی نوێ".  

 

فشارکردن و دڵەڕاوکی

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، "وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا فشارێکی زۆری خستوەتە سەر ئاژانسی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا بۆ ئەوەی پشتگیری لە ڕاپۆرتە ساختەکانی ئەوان بکەن کە سەدام حسێن چەکی کاولکاری هەیە و پەیوەندی پتەویشى لەگەڵ گروپی قاعیدەدا هەیە".   

 

 دڵەڕاوکێ

بەپێی ڕاپۆرتەکە "جۆرج دەبلیو بۆش بەهیچ شێوەیەک گرنگی بە بوونی بەڵگە لەسەر ئەوەی کە عێراق هیچ جۆرە چەکێکی کاولکاری نییە نەدەدا، بۆش سور بوو لەسەر ئەوەی کە دەبێت سەدام لە دەسەڵات لاببات، چونکە بەڕای ئەو دڕندەیە".

 

ئەوەش خراوەتەڕوو "بۆش هەوڵیداوە لە ساڵی 2005 ئەو سیاسیەتی کە بەرانبەر بەعێراق ئەنجامیدا بیکات بە ئایدۆلۆژیای ئەمریکا بۆ گۆڕینی ڕژێمە دکتاتۆرییەکان لە جیهاندا و داکۆکی لە جوڵانەوە دیموکراسیەکان بکات لەو وڵاتانە، بۆیە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2006 ئەو  پرسە یەکێک بوو لە دروشمەکانی".

 

لەڕاپۆرتەکەی" نیویۆرک تایمز"دا ئەوە ڕوونکراوەتەوە، "بە بیانووی بڵاوکردنەوەی دیموکراسی لە جیهاندا ئەمریکا ئامادەیە لەسەر حیسابی هەرەسهێنانی ناوخۆیی وڵات بەردەوامبیت لەو سیاسەتە، سەرباری هەرەسهێنانی عێراق، بەڵام لە ئێستادا هەمان فاکتەرەکانی ڕابردووی ئیداری بۆش بەتووندی لەسیاسەت وعەقڵییەتی ئیدارەی ترەمپ بەرانبەر بە ئێران چەسپاوە".