گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پارتى و یەکێتى لە دوکان کۆدەبنەوە و گوێ لە پێشنیازى یەکتر دەگرن

2020.08.10 - 21:48
پارتى و یەکێتى لە دوکان کۆدەبنەوە و  گوێ لە پێشنیازى یەکتر دەگرن

ناس کورد-

بڕیارە سبەینێ پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لەسەر ئاستى باڵا لە دوکان کۆببنەوە بۆ قسەکردن لەسەر چارەسەرى کێشەکانیان.

 

سەرچاوەیەکى بەرپرس لە یەکێتى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکەى سبەینێ لەسەر ئاستى مەکتەبی سیاسییە و لە یەکێتى کارگێڕانى مەکتەبی سیاسی ئامادەى کۆبوونەوەکە دەبن، کە پێکهاتوون لە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، رزگار عەلى، شاڵاو عەلى عەسکەرى.

 

وتیشى، "لە کۆبوونەوەکەدا قسە لەسەر چارەسەرى کێشەکان دەکرێت".

 

ئەو کۆبوونەوەیە دواى کۆبوونەوەکەى کۆتایی مانگى ڕابردووى نێوان بافڵ تاڵەبانى هاوسەرۆکى یەکێتى دێت لەگەڵ هەریەکە لە مەسرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى، کە تێیدا جەخت لە ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى پارتى و یەکێتى کرایەوە.

 

سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسی پارتى بە پێگەى فەرمى پارتى ڕاگەیاندووە، "دەستپێكردنی ئەو كۆبوونەوانە، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەردوولایە و لە یەكەم كۆبوونەوەشدا گوێ لە پێشنیازی یەكتری دەگرین و دواتریش كۆبوونەوەی دیكە دەكرێت، بۆ ئەوەی قسە لەسەر كێشەكان بكرێت بە مەبەستی چارەسەركردنیان".

 

کۆبوونەوەکەى هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتى و یەکێتى ئەگەر ئەنجام بدرێت، دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەى لەو شێوەیە لەدواى کۆنگرەى یەکێتى یەوە لەکۆتایی ساڵى ڕابردوودا.  

 

هەشتى ئەم مانگە سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەكێتی بەناس كوردی ڕاگەیاندبوو، "بەربەستەكانی بەردەم ئەنجامنەدانی كۆبونەوەكانی یەكێتی و پارتی لەئێستادا نەماون".  

 

لەچەند مانگى ڕابردوودا چەند جارێک وادەى کۆبوونەوەى هەردوو حزب دیاریکرا، بەڵام دواتر بەهۆى گرژى پەیوەندییەکانیان و شەڕى ڕاگەیاندنى نێوانیانەوە دواخرا.