گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دۆخی کۆرۆنا لە هەرێم لە 10 ڕۆژدا

هەولێر پلەى یەکەمى گرتووە و دهۆکیش لە سلێمانى نزیکبووەتەوە

2020.08.10 - 20:41
هەولێر پلەى یەکەمى گرتووە و دهۆکیش لە سلێمانى نزیکبووەتەوە

ناس کورد-

ئامارەکانى تایبەت بە پەتاى کۆرۆنا لە هەرێم لە ماوەى 10 ڕۆژى سەرەتاى ئەم مانگەدا گۆڕانکارى بەرچاوى بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتى لەسەر ئاستى پارێزگاکان، پارێزگاى هەولێر زۆرترین توشبووى تێدا تۆمارکراوە بەراورد بە پارێزگاى سلێمانى کە زیاندمەندترین پارێزگایە.

 

بەپێی بەدواداچوونەکانى ناس کورد بۆ ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى تایبەت بە کۆرۆنا، لەسەرەتاى ئەم مانگەوە تا ئێستا سێ هەزار و 690 توشبووى نوێی کۆرۆنا، 116 حاڵەتى مردن، هەزار و 226 حاڵەتى چاکبوونەوە لەسەرتاسەرى هەرێم تۆمارکراوە، هەروەها 26 هەزار و 666 پشکنینى نوێ کراوە.

 

ئامارەکان دەریدەخەن لە پارێزگاى هەولێر نیشاندەرى کۆرۆنا لەماوەى ئەم 10 ڕۆژەدا بەردەوام ڕووەوە هەڵکشان بووە، بەجۆرێک دوو هەزار و 155 توشبوو، 63 مردن تۆمارکراوە، لەگەڵ 760 حاڵەتى چاکبوونەوە، بەوەش پلەى یەکەمى گرتووە لەریزبەندى پارێزگاکان لەرووى توشبوون و مردنەوە.

 

بەڵام لەسەر ئاستى کۆى گشتى ژمارەى توشبووان لەسەرەتاى سەرهەڵدانى ڤایرۆسەکەوە هەولێر هێشتا لەپلەى دووەمدایە بە 6483 توشبوو، 185 مردن.



لەسەر ئاستى 10 رۆژى سەرەتاى ئەم مانگە، دواى هەولێر پارێزگاى سلێمانى دێت کە ریزبەندى دووەمى گرتووە، کە لەو ماوەیەدا 751 توشبوو تۆمارکراوە، لەگەڵ 43 مردن و 269 حاڵەتى چاکبوونەوە.

 

لەگەڵ ئەوەشدا و لەسەر ئاستى کۆى گشتى توشبووان لەسەرەتاى سەرهەڵدانى پەتاکەوە تا ئێستا، سلێمانى لەپلەى یەکەمدایە بە نۆ هەزار و 9273 توشبوو، 454 مردن.

 

ئامارەکان دەریدەخەن کە توشبوون لە پارێزگاى دهۆک لەماوەى ئەم 10 رۆژەدا بازێکى گەورەیداوە و بۆ دوو هێندە بەرزبووەتەوە، بۆیە بە جیاوازییەکى کەم دهۆک لەریزبەندى سێیەمدایە بە 704 توشبوو، نۆ مردن کە سەرجەمیان لەم 10 رۆژەدا تۆمارکراون، لەگەڵ 321 حاڵەتى چاکبوونەوە.

 

هەروەها هێشتا دهۆک لەسەر ئاستى کۆى گشتى توشبووان لەسەرەتاى سەرهەڵدانى پەتاکەوە تا ئێستا لە پلەى سێیەمدایە، بە هەزار و 236 توشبوو، نۆ مردن.

 

هەرچى پارێزگاى هەڵەبجەیە لەماوەى ئەم 10 رۆژەدا 80 توشبووى نوێ، یەک مردن، 71 چاکبوونەوە تۆمارکراوە و لە ریزبەندى چوارەمدایە.

me_ga.php?id=698

لەسەر ئاستى هەرێم، ئامارەکان دەریدەخەن کە ئامارەکان بەم شێوەیەیە: تووشبوون 17 هەزار و 547 (6483 هەولێر، 9273 سلێمانی، 1236دهۆك، 555 هەڵەبجە).

 

چاکبوون 10 هەزار و 309 (3698 هەولێر، 5652 سلێمانی، 478 دهۆك، 481 هەڵەبجە).

 

لەژێر چارەسەر شەش هەزار و 581 (2600 هەولێر، 3167 سلێمانی، 749دهۆك، 65 هەڵەبجە).

 

مردن 657  (185 هەولێر، 454 سلێمانی، 9 دهۆك ، 9 هەڵەبجە).

 

هەر بەپێی ئامارەکان، رێژەى گیان لەدەستدان بۆ 3.7% بەرزبووەتەوە، 58.8% توشبووانیش چاکبوونەتەوە، 37.5% لەژێر چارەسەردان.