گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێشبینى شۆکهێنەر بۆ نرخى زێڕ.. ’’ئۆنسەیەک دەگاتە چوار هەزار دۆلار واتە دوو ئەوەندە’’

2020.08.10 - 18:01
پێشبینى شۆکهێنەر بۆ نرخى زێڕ.. ’’ئۆنسەیەک دەگاتە چوار هەزار دۆلار واتە دوو ئەوەندە’’

ناس کورد-

پێشبینی دەکرێت هاوشان لەگەڵ دابەزینی نرخی دۆلار، زێڕ لە بازارەکانی جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوەیەکی دیکە تۆماربکات و نرخی ئۆنسەیک لەوکانزایە نزیک ببێتەوە لە چوار هەزار دۆلار.

 

مایکڵ کۆجینۆ، بەرێوەبەری جێبەجێکاری سندوقی وەبەرهێنانی ئەمریکی لەدیمانەیەکدا لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندن وتی "پێشبینی دەکەم لە ئایندەدا هاوشان لەگەڵ دابەزینی ڕێژەی سو و دابەزینی بەهای دۆلار، زێر لەجیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوەیەکی دیکە تۆماربکات و نرخی ئۆنسەیەک لەو کانزایە بگاتە چوارهەزار دۆلار".

 

وتیشى، "لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا نیشاندەری بەهای زێر لە  بۆڕسەکانی جیهاندا بەردەوام بەرەوسەرەوە ڕۆیشتووە، کاریگەری هەڵکشان و داشکانی بەهای دۆلار و یۆرۆ ڕۆڵێکی کارا و باڵایان هەبووە لەو پرسە، بەڵام ئەمساڵ نرخی ئەو کانزایە بەشێوەیەکی زۆرتووند جوڵەی بەخۆیەوە دیوە بەرەو سەرەوهەڵکشاوە".

 

بەگوێرەی پێگەی "مارکت وۆچ"ی تایبەت بە چاودێرکردنی بازارەکانی زێر و دۆلار لە جیهاندا، ئەمساڵ و بەتایبەتی لە 5ی ئەم مانگەدا زێر بە شێوەیەکی زۆرو خێرا بەراورد بە سی ساڵی ڕابردوو بەرزبوونەوەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەجۆرێک نرخی ئۆنسەیەک لەو کانزایە گەیشتووەتە دوو هەزارو 69  دۆلار کە دەکاتە زیاترلە 35%ی کۆی نرخەکەی، ئەوەش بۆ یەکەمجارە لەمێژوودا ئەو کانزایە نرخی ئۆنسەیەکی دوو هەزاردۆلار تێپەڕێنیت.

 

ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زێڕی جیهانی کە هەفتەی ڕابردوو بڵاوکرایەوە، جیهان خاوەنی 35 هەزار و 17 تۆن یەدەگی زێڕە، بەمەش ئاستی یەدەگی زێڕی جیهان بەراورد بە ساڵی 2019 بەرزبووەتەوە، کە 34 هەزار و 300 تۆن بووە. 

 

ئەنجومەنەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە، "ئەمریکا بە پلەی یەکەم دێت، کە خاوەنی 8 هەزار و 133 تۆنە، ئەڵمانیا لە پلەی دووەمدایە و خاوەنی 3 هەزار و 363 تۆن یەدەگی زێڕە و ئیتالیاش بە پلەی سێیەم دێت و خاوەنی 2 هەزار و 450 تۆنە". 

ئەنجومەنی زێڕی جیهانی ئاماژەی بەوە کردووە، "عێراق لە پلەی 38ـدایە لەسەر ئاستی جیهان و خاوەنی 96.3 تۆن یەدەگی زێڕە، هەروەها لە دوای سعودیە، جەزائیر، لوبنان و لیبیا، لە پلەی پێنجەمی وڵاتانی عەرەبیدایە".

لەئێستا بەهای زێڕ لە بۆرسەی جیهانی و بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابەزینی بەخۆوەبینیوە و نرخی یەک ئۆنسە بە 2033 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.