گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پژاک بە فەرمی ڕایگەیاند.. ’’حەوت گەریلامان لە شارباژێر شەهید بوون’’

2020.08.10 - 17:38
پژاک بە فەرمی ڕایگەیاند.. ’’حەوت گەریلامان لە شارباژێر شەهید بوون’’

ناس كورد-

فەرماندەیی یەکەینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (YRK)ی باڵی سەربازی پژاك ڕایگەیاند، لە هێرشی فڕۆكەكانی توركیا لە ماوەت "حەوت گەریلا و دوو وڵاتپارێزمان شەهید بوون".

 

ئەمڕۆ دووشەممە، 10ی ئابی 2020، یەرەکە لە ڕاگەیەنراوەکەیدا دەڵێت، "لە چەند ڕۆژی رابردوو دەوڵەت فاشیستی تورک دووجار لە سەر گوندەکانی سەر بە قەزای ماوەتی ناوچەی شارباژێر هێرشی هەوایی بە رێگای فرۆکەی سیخۆری بێ فرۆکەوان و فرۆکە جەنگی پێکهێناوە."

 

دەشڵێت، "هێرشی یەکەم لە بەرواری 4ی ئاب لە دەوروبەری گوندی گەڵاڵە لە هەریم ئاسۆس بەرێوە چوو. لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا ئاگر بە باغ و باغچەی گوندیان دەکەوێ و بەشێک لە زەوی گوند لە ناو ئاگر دا دەسوتێ. لەم هێرشە دا هیچ زیانێکی وەبەر هێزی ئێمە نەکەوتووە. هەروەها لە 7ی مانگ جارێکی دیکە فرۆکە جەنگیەکانی دەولەتی داگیرکەری تورک لە سنوری شارباژێر لە نیزیکی چیای باڵۆسە بوردوومان دەکات. لەو هێرشی داگیرکاری دا یەکینەیەکی هەڤاڵمان کە لە سەر ئەرک بوون، دەبنە ئامانجی فرۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی فاشیست و داگیرکەری تورک. لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا حەوت هەڤاڵمان لە گەڵ دوو گەنجی وڵاتپارێزی باشوری کوردستان شەهید دەکەون. ناسنامەی هەڤاڵانی شەهیدمان لە کاتێکی نیزیک دا رادەگەیێنین."

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، "ئەوە ماوەیەکە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشی بەرفراوانی لە سەر ئەو ناوچانەی کە هێزەکانمان هەیە، چڕ کردۆتەوە. لەو هەرێمانە کە تەنیا گەریلاکانی ی.ر.ک و پژاک هەیە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە بهانەی پوچ و نە لە جێدا هێرشی هێزەکانمان لە ناوچەی ئاسۆس دەکات. کە ئەوەش تەنیا لە چوارچێوەی پاکتاو کردنی کوردی ئازادە و پێشیگرتنە لە تێکۆشانی ئازادی و دێمۆکراسی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشەنگایەتی پارتیمان پژاک، چونکە هەر کەس و لایان بە راشکاوی دەزانن کە لە هەرێمی قەزای ماوەت جودا لە گەریلاکنی ی.ر.ک و پژاک هێچ هێزێکی دیکە نیە و ئەو هێرشانەش بە ئامانجی ئاستەنگ کردنی خەبات و تێکۆشانمان لە رۆژهەڵاتی کوردستانە."

 

باسی لەوەشکردووە، "ئەو هێرشە دەرەندانەی داگیرکەری لە سەر هێزەکانمان ئەوە نیشان دەدات، کە داگیرکەری دەوڵەتی تورک هەموو دەسکەوتی گەلەکەمان لە هەموو پارچەکانی کوردستان هەدەف دەگرێت. بۆ ئەو مەبەستە گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەبێ لە دژی ئەو هێرشانە خاوەن هەلوێست بێت. هەروەها لەم کۆمەلکوژی چیای باڵۆسە دەستی سیخوڕی هەرێمی هەیە، هەم گەلەکەمان و هەم هێزی بەرپرسیار لە ئەم ناوچانە دەبێ هەڵوێستیان دیار بکەن و رێگا بە کەسی سیخوڕ و بەکرێگیراو نەدەین، کە لە قۆناخێکی وەها هەستیار و مێژوویی دا خزمەتی داگیرکەری بکەن."

 

لە کۆتاییدا دەڵێت، "وەکو یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرانبەر ئەم هێرش و هەبوونی سیخوڕان بێ دەنگ نامێنین و بێ وەڵامیان ناهێلینەوە."