گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لیژنەى تەندروستى پەرلەمان ناڕازییە و وەزارەت رونکردنەوە دەدات

گرانی نرخى مانەوەى توشبووانى کۆرۆنا لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان هەڵای نایەوە

2020.08.10 - 17:16
گرانی نرخى مانەوەى توشبووانى کۆرۆنا لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان هەڵای نایەوە

ناس کورد-

دیاریکردنى نرخى مانەوە و چارەسەرى توشبووانى کۆرۆنا لەلایەن وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمەوە لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان مشتومڕى دروستکردووە، لیژنەى تەندروستى پەرلەمان دەڵێت، نرخەکان هێشتا زۆرن و دەبێت زیاتر دابشکێنرێن، وەزارەتیش دەڵێت ئەو نرخانە داشکێنراون ئەگەرنا زیاترن.

 

ئەمڕۆ دووشەممە، 10ی ئابی 2020، وەزارەتى تەندروستیی هەرێم بڕیاریدا بە دابەزاندنى نرخى مانەوە و چارەسەرى توشبووانى کۆرۆنا لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان، دواى ئەو رەخنانەى لەزۆرى نرخى ئەو نەخۆشخانانە گیرا.

 

بەپێی بڕیارەکە، نرخەکان دواى کەمکردنەوەیان لەنێوان 500 هەزار بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار دیناردایە، بۆ هەر توشبوویەکى کۆرۆنا کە لەنەخۆشخانە ئەهلییەکان بمێنێتەوە.

me_ga.php?id=696

دیاریکردنى نرخەکان شەپۆلێک ناڕەزایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدواى خۆیدا هێنا و هەندێک رەخنە لەوە دەگرن کە هێشتا نرخەکان زۆر بەرزن و پێویستە زیاتر کەمبکرێنەوە، هەندێکى دیکەش داواى دەستلەکارکیشانەوەى وەزیرى تەندروستى دەکەن.

 

بەپێی رونکردنەوەیەکى وەزارەتى تەندروستى، نرخەکانی چارەسەری کۆرۆنا بەهۆی باروگوزەرانی هاوڵاتیان لەم دۆخەی ئێستای نەخۆشی کۆرۆنا، بەڕێژەی 40 تا 50لەسەدای نرخەکان لەلایەن لیژنەیەکی ڕاوێژکاری کەمکراوەتەوە بە فەرمانی وەزاری ڕێکار و ڕێوشوێنی پێویست دەرچووە.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، تیمەکانی پشکنین بەدواداچوونی ڕۆژانە دەکەن و وەزارەت بەردەوام دەبێت لە کەمکردنەوەی نرخەکان و رێگانادرێت بە هەر زیادەرۆیی و سەرپێچیەک.



بەپێی بەدواداچونەکانى ناس کورد، نرخەکان پێش کەمکردنەوەیان لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان لەنێوان 1500 هەزار دۆلار بۆ دوو هەزار دۆلاردا بووە و لەهەر توشبوویەکى کۆرۆنا وەرگیراوە کە لەو نەخۆشخانانە ماوەتەوە.

 

کەمکردنەوەى نرخەکان لیژنەى تەندروستى پەرلەمانى کوردستانى رازینەکردووە کە دوێنێ یەکشەممە بڕیاریدا لەو بارەیەوە بەدواداچوون بکات.

 

شایان کاکەساڵح، جێگرى سەرۆکى لیژنەى تەندروستى لە پەرلەمانى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند "بەو نرخانە رازى نین کە وەزارەت دیاریکردووە و خواستى ئێمە کەمکردنەوەى زیاترى نرخەکانە تا لەگەڵ بارودۆخى خەڵک بگونجێت".

 

وتیشى، "نرخەکان زۆرن و موبالەغەى زۆریان تێداکراوە، جگە لەوە ئاستى خزمەتگوزاریی لەو نەخۆشخانانە باش نییە بەراورد بە هەندێ نەخۆشخانەى حکومى".

 

لەهەرێمى کوردستان ژمارەیەکى زۆر نەخۆشخانەى تایبەت بوونیان هەیە، کە هەریەکەیان نرخى جۆراوجۆریان هەیە بۆ چارەسەرى نەخۆش، لەناویاندا نرخى چارەسەرى توشبووانى کۆرۆنا.

 

لەدواى سەرهەڵدانى کۆرۆنا لەهەرێمى کوردستان نەخۆشخانە ئەهلییەکان ئامادەنەبوون توشبووانى کۆرۆنا وەربگرن، تا دواتر وەزارەتى تەندروستى ناچاریکردن بە وەرگرتنى توشبووانى کۆرۆنا.

 

شایان کاکە ساڵح وتى، "ئەو نەخۆشخانانە سەرەتا رازى نەبوون توشبووانى کۆرۆنا وەربگرن، بە پاساوى ئەوەى دۆخى نەخۆشخانەکان تێکدەچن و ناچارن خەرجى زیاتر بکەن، بەڵام وەرگرتنى توشبوو لەئێستادا پاساو نییە بۆ دیاریکردنى نرخێکى بەرز".

 

جەختیشیکردەوە، بەدواداچوونەکانیان لەو بارەیەوە بەردەوام دەبێت، تا نرخى نەخۆشخانە ئەهلییەکان زیاتر کەمبکرێنەوە.