گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەژێر فشاری خۆپیشاندەران و لەكاردانەوەی تەقینەوەکەدا

وەزیرێکى ترى لوبنان دەستیلەكاركێشایەوە

2020.08.10 - 15:42
وەزیرێکى ترى لوبنان دەستیلەكاركێشایەوە

ناس کورد- 

دوای تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت و وەكو كاردانەوەیەكی ناڕەزایەتی بەرامبەر كارەساتەكە و وەڵامی خۆپیشاندەران، ماری كلود نەجم وەزیری دادی لوبنانی وەكو سێیەمین وەزیری كابینەكەی دیاب، دەستیلەكاركێشایەوە.

 

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی كردەوە، نەجم نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی ڕادەستى حەسان دیابى سەرۆكوەزیرانى ئەو وڵاتە، كردووە.

 

لەدوو ڕۆژی ڕابردووشدا هەریەكە لە دەمیانۆس قەتار وەزیری ژینگە و مەنال عەبدولسەمەد وەزیری ڕاگەیاندن دوای ناڕەزایەتیە جەماوەرییەكەی لوبنان و داوای دەستلەكاركێشانەوەی بەرپرسان، دەستیان لەكاركێشایەوە.

 

ڕۆژێكیش پێش تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت، ناسیح حەتیی وەزیری دەرەوەی لوبنان دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش كرد و دادو بێدادی ئەوەی كرد، هیچ دیدێكی ڕوون بۆ بەڕێوەبردنی وڵات نیە و هەروەها بەڕێوەبەرایەتیكردنێكی كاریگەر بۆ ئەنجامدانی چاكسازی گشتگیر لەئارادا نیە، ئەو وەزیرە دەستلەكاركێشاوە هۆشداری ئەوەشیدا، لوبنان بەرەو داڕوخان دەچێت و دەبێتە وڵاتێكی شكستخواردوو.

 

دەستلەكاركێشانەوەكەی حەتیش یەكەم هەڵوێستوەرگرتنی بەرپرسان نەبوو لەسەردەمی ویلایەتی دیابدا پێش ئەویش ژمارەیەك بەرپرس لەوەزارەتی دارایی كە هەندێكیان بەرپرسی دۆسییەی دانوستانەكان بوون لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەستیان لەكاركێشایەوە.

 

لەكاردانەوەی تەقینەوەكەی بەیروتدا، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوەری لەلوبنان دەستیپێكرد و هەزاران خۆپیشاندەر ڕژانە سەر شەقامەكان و هەڵیانكوتایە سەر بارەگای وەزارەتەكان و بۆماوەیەك خستیانە ژێر كۆنترۆڵیانەوە و لەپایتەختیش لەژێر دروشمی ڕۆژی دادگایكردندا خۆپیشاندەران پەتی سێدارەیان بۆ ئەو بەرپرسانە هەڵواسی كە تۆمەتبار كرابوون بەهۆكاری تەقینەوەكە.