گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هۆکارەکەى چییە؟

راپرسییەک: نيوەى بەريتانيەكان نايانەوێت ڤاكسينى دژە كۆرۆنا وەربگرن

2020.08.10 - 08:36
راپرسییەک: نيوەى بەريتانيەكان نايانەوێت ڤاكسينى دژە كۆرۆنا وەربگرن

ناس کورد-

ئەنجامى راپرسییەک دەریدەخات تەنها نيوەى بەريتانيەكان دەيانەوێت ڤاكسيى دژى کۆرۆنا بەدەستبهێنن تەنانەت ئەگەر بە فەرمى پشتى پێببەسترێت بۆ چارەسەرى ئەو پەتایە.

 

ماڵپەڕى سكاى نيوزى بەريتانى بڵاويكردوەتەوە، لێكۆڵەران ئاشكرايانكردوە كە تەنها 53%ى بەريتانيەكان دڵنيان لەوەى كە دەيانەوێت ڤاكسينى دژە ڤايرۆسى كۆرۆنا بەدەستبهێنن.

 

بەگوێرەى ڕاپرسيەكە كە 2237 كەس تێيدا بەشداربوون و تەمەنيان لەنێوان 16 بۆ 75 ساڵ بووە، لە هەر 6 كەسێك يەكيان "16%" وتويانە بە دڵنياييەوە ڤاكسينەكە وەرناگرن ئەگەر دروستكرا، هەروەها بە گشتيش نزيكەى نيوەى بەشداربوان ئامادە نەبوون ڤاكسينەكە وەرگرن.

 

باس لەوەشكراوە، ئەو چينە بەهۆى ئەو پڕوپاگەندانەى لە جيهاندا سەبارەت بە ڤاكسينەكان بڵاودەكرێنەوە ڕەتيدەكەنەوە ڤاكسين وەرگرن، هەروەها پێيانوايە حكومەت هەراى گەورە دروست دەكات سەبارەت بە كۆرۆنا و هەوڵى ئەوە دەدات كۆنترۆڵى هاووڵاتيان بكات لەرێگەى هاندانيان بۆ بەستنى دەمامک.

 

هەر بەگوێرەى ڕاپرسيەكە، ئەو كەسانەى كە هەست بە ئارامى دەكەن سەبارەت بە سوككردنى كۆت و بەندەكانى داخستن زۆرينەیان ئەو كەسانەن كە وەرگرتنى ڤاكسين ڕەتدەكەنەوە.

 

لەو بارەيەوە پرۆفيسۆر بۆبى دافى لە پەيمانگاى سياسەتەكان لە كۆلێژى كينگەر لە لەندەن دەڵێت، پێشبينى و تێگەيشتنە هەڵەكان سەبارەت بە ڤاكسينەكان كاريگەرى لەسەر بيركردنەوەى خەڵك سەبارەت بە ڤاكسينى دژە كۆرۆنا دروست كردووە.

 

ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، "ڤاكسينەكان يەكێكن لە گەورەترين دەستكەوتە زانستيەكان، هيوايەكى زۆر هەيە كە بتوانين ڤاكسين بەدەستبهێنين و كۆرۆنا لەناوبەرين".

 

گروپەكانى دژە ڤاكسين بەشێوەيەكى گشتى ئاڵنگارییان لەبەردەم هەوڵەكان بۆ كۆنترۆڵكرنى ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێ دروستكردووە، هەندێك پێيانوايە پەتاكە پلانگێڕيەكى گەورەيە لەپێناو دەستكەوت و فرۆشتنى ڤاكسين لە داهاتوودا، هەندێكى تر دەڵێن كە لەوانەيە ڤاكسينەكان پارێزراو نەبن.

 

تەنها بەریتانییەکان نین کە نیوەیان نایانەوێت ڤاکسین وەربگرن، بەڵکو بەپێی ڕاپرسییەکی دامەزراوەیەکی ئەمریکی کە پێشتر ئەنجامەکەى بڵاوکرایەوە، سێیەکی هاوڵاتیانی ئەمریکا نایانەوێت ڤاکسینی کۆرۆنا بەکاربهێنن، تەنانەت ئەگەر بەخۆڕاییش بێت، بەگوێرەی ڕاپرسییەکە، لایەنگیری سیاسی و حیزبی لەنێوان کۆماری و دیموکراتەکان هۆکارێکی سەرەکی ئەو ئەنجامەیە.  

  

بەگوێرەی ڕاپرسییەکی دامەزراوەی "گاڵوپ"ی ئەمریکی "سێیەکی هاووڵاتیانی ئەمریکی ئامادەنین ڤاکسینی دژبە کۆرۆنا بەکاربهێنن، تەنانەت ئەگەر بەبێبەرامبەتریش بۆیان دابین بکرێت."   

  

ئەنجامی ڕاپرسییەکە دەریخستووە، لایەنگیریی سیاسی و حیزبی یەکێکە لە هۆکارەکانی قایلبوون لە بەکارهێنانی ڤاکسینەکە یاخود ڕەتکردنەوەی، بەوپێیەی، 81%ی ئەو هاوڵاتییانەی هەواداری دیموکراتییەکانن ئامادەیی خۆیان نیشانداوە ڤاکسینەکە بەکاربهێنن، لەبەرانبەردا تەنها 41%ی ئەوانەی هەواداری کۆمارییەکانن ئامادەن ڤاکسینەکە بەکاربهێنن و 59%یان رەتیانکردووەتەوە.   

 

ئەوەش خراوەتەڕوو "ئەمریکییە سپی پێستەکان بەراورد بە هاوڵاتییەکانی دیکەی ئەمریکا زیاتر ئامادەیی خۆیان نیشانداوە لەبەکارهێنانی ڤاکسینەکە، سەرباری ئەوەی هاوڵاتییە ئەمریکییە ڕەش پێستەکان و پێکهاتە نەژادییەکانی دیکەی ئەو وڵاتە زیاتر بەهۆی نەخۆشییەکەوە زیانیان پێگەیشتووە".  

  

لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ئەمریکا 10 ملیار دۆلاری بۆ دروستکردنی 300 ملیۆن دانە لەڤاکسینی دژبە کۆرۆنا تا مانگی کانوونی دووەمی 2021 تەرخانکرد.  

  

ئەمە لە کاتێکدایە ئەنتۆنی فاوچی، سەرۆکی شارەزایانی نەخۆشییە  گوازراوەکانی ئەمریکا رۆژى (هەینی) ڕایگەیاندبوو "تائێستا نازانین ڕێژەی کارابوونی ڤاکسینەکە بۆ بنبڕکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا چەندە، ئایا لە50%یە یان لە60% یان 75% یان زیاترە، بۆیە دەبێت مرۆڤەکان بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە پەتاکە نەبن".