گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دۆزینەوەى بەردێکى گرانبەها کرێکارێکى کرد بە ملیۆنێر

2020.08.09 - 23:48
دۆزینەوەى بەردێکى گرانبەها کرێکارێکى کرد بە ملیۆنێر

ناس کورد-

 

کرێکارێک لەکاتی کارکردنی لەیەکێک لەکانەکانی تایبەت بەگەڕان بەدوای بەردە گەوهەرە گرانبەهاکاندا لە وڵاتی تەنزانیا لەکیشوەری ئەفریقا، بەردێکی گەوهەری گرانبەهای دۆزییەوە کەبەهاکەی نزیکەی دوو ملیۆن دۆلارە.

 

 

بەپێی پێگەى نیۆیۆرک پۆست، سانینیۆ لایزری تەمەن 52 ساڵ کە کرێکارێکی یەکێک لە کانەکانی دۆزینەوەی بەردە گرنبەهاکانە لە ناوچەی (مانیارا) لەباکوری وڵاتی تەنزانیا لە کیشوەری ئەفریقیا، لەکاتی گەڕان لەکانەکەدا توانیویەتی بەردێکی گەوهەری گرانبەهای بەکێشی شەش کیلۆگرام بدۆزیتەوە و بیفرۆشێت بەنزیکەی دوو ملیۆن دۆلار، ئەوەش وایکردووە ئەو پیاوە تەنزانییە لە چاوتروکانێکدا ببێت بەکەسێکی ملیۆنێر.

 

ئەو پیاوە تەنزانییە یەکەمجاری نییە کە گەوهەرێکی گرنبەهای لەوجۆرە بدۆزێتەوە، بەڵکو لە سەرەتای وەرزی هاوینی ئەمساڵدا و لەکاتی کارکردنی لەکانەکاندا دووبەردی گرانبەهای دۆزیوەتەوە کەکێشی هەردووکیان زیاترلە 15 کیلۆگرام بووە و بەزیاتر لەسێ ملیۆن دۆلار فرۆشتویەتی، ئەوەش بەپێی پێگەى بی.بی.سی بەریتانی.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو بەردەی کە ئەمجارە ئەو پیاوە تەنزانییە دۆزیویەتییەوە لەجۆری (تەنزانێتی وەنەوشەیی شینە) و یەکێکە لەهەرە بەردە گرانبەها دەگمەنەکانی جیهان. 

 

لایزر کە چوارهاوژینی هەیە و خاونى 30 منداڵە، پاش ئەوەی ئەو بەردە گرانبەهایانەی دۆزیوەتەوە، بەڵێنی داوە بەشێک لەو پارانەی کە لەئەنجامی فرۆشتنی بەردەکان دەستی کەوتووە بۆ خزمەتکردنی دانیشتوی ناوچەکەی خەرجیبکات و نەخۆشخانە، قوتابخانە و ناوەندی بازاڕکردنیان بۆ دروستبکات.

 

هەروەها وتویەتی "خەڵکێکی زۆر هەژارن توانای ئەوەیان نییە منداڵەکانیان بخەنە بەرخوێندن، بۆیە کردنەوەی قوتابخانە ئەو ئەرکەیان لەسەرشان کەمدەکاتەوە، هەرچەندە من خوێندەوارنیم، بەڵام دەمەوێت کارەکان بە شێوەیەکی پیشەیی و زانستی بەڕێوەبچن".