گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داوادەکرێت هاوکارییەکان ڕاستەوخۆ بدرێت بەگەلى لوبنان

كازمى: عێراق لە پێشينەى ئەو وڵاتانە بوو كە هاوكارييان پێشكەش لوبنان كرد

2020.08.09 - 22:28
كازمى: عێراق لە پێشينەى ئەو وڵاتانە بوو كە هاوكارييان پێشكەش لوبنان كرد

ناس کورد-

 

مستەفا كازمى سەرۆك وەزيرانى عێراق ڕایگەیاند، لوبنان حاڵەتێكى دەگمەنە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و عێراق لە پێشينەى ئەو وڵاتانە بوو كە هاوكارييان پێشكەش كرد.

 

ئەمڕۆ يەك شەممە دەوڵەتانى جيهان كۆنگرەيەكیان بۆ پشتگيریكردنى بەيروت و گەلى لوبنان بەست و لە بەياننامەى كۆتايى كۆنگرەكەدا جەختیان کردووەتەوە کە پێويستە هاوكارى بەيروت بكرێت بۆ ساڕێژبونەوەى و هەموان رێكەوتوون لەسەر ئەوەى هاوكاريەكيان خێرابێت و بەگوێرەى پێويستيەكانى گەلى لوبنانى بێت.

 

هەروەها بەپێویستیان زانیوە، هاوكاريیەكان ڕاستەوخۆ ڕادەستى گەلى ئەو وڵاتە بكرێت بەوپەڕى پلەى چالاك و شەفافيەت و ئامادەشن پشتگيرى هەستانەوەى ئابورى لوبنان بكەن و پێويستە دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە رێوشوێنى خێرا بۆ چاكسازى بگرنە بەر.

 

لە كۆنگرەكەدا مستەفا كازمى سەرۆك وەزيرانى عێراق لە وتەيەكدا وتى، عێراق لە پێشينە بوو بۆ پێشكەشكردنى هاوكارى پێويست بە لوبنان، ئەو وڵاتە حاڵەتێكى دەگمەنە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و نمونەى لێبوردەيى و فرەيى و يەكتر قبوڵكردنە.

 

وتیشى "ئامادەين پێويستييە خێراكانى لوبنان لە گەنم و پێويستيەكانى تر پڕ بكەينەوە، بەرپرسيارێتيەكى بەپەلەمان لەسەرشانە بۆ وەستان لەپاڵ براكانمان لە لوبنان بۆ بەرەنكاربونەوەى ئەو ئاڵنگاريە و تێپەڕاندنى".

 

سەرۆكى وەزيرانى عێراق تەئكيديشى كردوەتەوە، كارەساتەكەى بەيروت وانەیەکى قوڵى هاوبەشە بۆ مەترسيدارى كێشمەكێشە سياسيە ناوخۆيى و هەرێمى و نێودەوڵەتيەكان لە ناوچەكەدا.