گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نهێنییەکانى ’’كەشتى مردن ’’..چۆن لە بەیروت لەنگەرى گرت و چى بەسەرهات؟

2020.08.09 - 21:45
نهێنییەکانى ’’كەشتى مردن ’’..چۆن لە بەیروت لەنگەرى گرت و چى بەسەرهات؟

ناس کورد-

 

ڕۆژنامەيەكى ئەمريكى چەند نهێنيەكى سەرنجڕاكێش لەسەر كەشتى "روسوس" ئاشكرا دەكات، كە حەوت ساڵ پێش ئێستا ئەو نيتراتى ئامۆنيۆمەى لە بەندەرى بەيروت داگرتووە كە پێش چەند ڕۆژێك بووە هۆى تەقينەوەيەكى گەورە و كوژرانى زياتر لە 150 كەس و برينداربونى هەزارانى تر.

 

ڕۆژنامەى "نيويۆرك تايمز"ى ئەمريكى لە ڕاپۆرتێكدا بڵاويكردوەتەوە، كەشتى "روسوس" لە 21\11\2013 گەيشتوەتە بەندەرى بەيروت و 2750 تۆن مادەى نيتراتى ئامۆنيۆمى پێبووە كە لە جۆرجياوە هاتووە.

 

ڕونيشكراوەتەوە، كەشتيەكە بەرەو مۆزەمبيق چووە بەڵام "بۆريس برۆكۆشيف"ى كاپتنى كەشتيەكە لە بەندەرى بەيروت وەستاوە بۆ ئەوەى كاڵاى تر بار بكات تا پارەى زياترى دەستكەوێت و بەهۆى ئەوەشەوە باجى ڕۆشتن بە كەنداوى سويس بدات.

 

ڕۆژنامەكە ئەوەشى ئاشكرا كردووە، بڕياربووە ئەو بارەى لە لەندەن هەڵيگرتووە بيباتە ئەردەن، بەڵام دەسەڵاتدارانى لوبنان كەشتيەكەيان وەستاندوە ئەوەش دواى ئەوەى چەند سەرپێچيەكى هەبووە، فەرمانيش بە كاپتن و تيمەكەى كراوە كە لەسەر كەشتيەكە بمێننەوە، ئەوەش بوەتە هۆى دروستبونى كێشەى ياسايى و دەستبەسەراگرتنى.

 

تەئكيديش كراوەتەوە، دەسەڵاتدارانى لوبنان دەستيان بەسەر نيتراتى ئامۆنيۆمەكەدا گرتووە و لە بەندەرى بەيروت خستويانەتە كۆگايەكەوە.

 

بەپێى وێنەى مانگەدەستكردەكان كەشتيەكە تا ساڵى 2014 لە بەندەرەكە دەستبەسەر بووە، هەروەها  ناوى كۆمپانياى دروستكەرى نيتراتى ئامۆنيۆمەكە ديارە كە Rustavi Azot LLC ى جۆرجييە.

 

هەر بەپێى زانياريەكان، دەسەڵاتدرانى بەندەرى بەيروت لەساڵى 2015 كەشتيەكەيان گواستوەتەوە سەر لێوارى بەندەرەكە ئەوەش بەهۆى ئەوەى لێچونى هەبووە، لەوێشدا ىێ ساڵ ماوەتەوە تا لە مانگى دووى ساڵى 2018 كەشتيەكە كەوتوەتە ژێر ئاو.

 

دەسەڵاتدرانى لوبنانى پاشماوەى كەشتيە نقومبوەكەيان دەرنەهێنايەوە و بەتەواوەتى لەبيركرا، ستيڤن وود شارەزايى مانگە دەستكردەكان دەڵێت، كەشتيەكە بە تەواوەتى كەوتووەتە ژێر ئاوەوە.

 

بەهۆى تەقينەوەكەى شارى بەيروت 157 كەس گيانيان لەدەستداوە و زياتر لە 6 هەزار كەسيش بريندار بوون، هەروەها نزيكەى 300 هەزار كەس بێماڵ و حاڵ بوون، زيانى مادەى زياتر لە 5 مليار دۆلاريشى لێكەوتوەتەوە.

 

كارەساتەكە قەيرانێكى ترى سياسى لەو وڵاتە دروست كردوە ئەوەش سەرەڕاى بوونى چەندين قەيرانى تر لە پێشينەشيان قەيرانى دارايى. 

 

خۆپيشاندانەكان چڕتر بوونەتەوە و داواى دەستلەكاركێشانەوەى حكومەت دەكرێت، بەهۆى ڕوبەڕوبونەوەشيان لەگەڵ هێزە ئەمنيەكان دەيان خۆپيشاندەر بريندار بوون و  تائێستاش "مەنال عەبدولسەمەد" وەزيرى ڕاگەياندن و شەش ئەندام پەرلەمانيش دەستيان لەكاركێشاوەتەوە.