گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شیاوترینە و هەژمونی حیزبی گەورە ناهێڵێت

یاساناسێكی عێراقى شەش لایەنى ئەرێنى فرە بازنەیی هەڵبژاردنەکان دەخاتەڕوو

2020.08.09 - 18:25
یاساناسێكی عێراقى شەش لایەنى ئەرێنى فرە بازنەیی هەڵبژاردنەکان دەخاتەڕوو

ناس کورد-

 

یاساناسێكی دیاری عێراق چەند خاڵێكی ئەرێنی سیستەمى فرە بازنەیی بۆ هەڵبژاردنەكان كە پێدەچێت لەهەڵبژاردنی داهاتوودا جێبەجێبكرێت دیاریكردووە و دەڵێت، ئەو یاسایە هەژمونی حیزبە گەورەكان و خەڵكی سەرمایەدار و مەزهەبگەری كەمدەكاتەوە.

عەلی تەمیمی شارەزایی یاسایی عێراقی ڕایگەیاندووە، لایەنە ئەرێنیەكانی سیستەمى فرە بازنەیی لە 6 خاڵی گرنگدایە كە ئەمانەی لای خوارەوەیە:

 

یەکەم: مادەی 49ی دەستوری عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، هەموو پەرلەمانتارێك نوێنەرایەتی 100 هەزار دانیشتوان دەكات و لەو چوارچێوەیەشەوە دەكرێت پەرلەمانتارەكە نوێنەرایەتی 100 هەزار لەخەڵكی ئەو ناوچەیەی خۆی بكات كە زانیاری لەبارەیانەوە هەیە.

 

دووەم: یەكێكی تر لەخەسڵەتە باشەكانی فرە بازنەیی، ئاسانی جیاكردنەوە و ژماردنە و هەروەها خێرا زانینی براوەی یەكەمە  و ئەوەی زۆرترین ڕێژەی دەنگەكان بەدەستبهێنیت ئەوا دەبێتە براوەی یەكەم و بەدوای ئەوانیشدا دووەم و سێیەم.

 

سێیەم: هەژمونی حیزبى گەورە ناهێلێت و دەرفەت بۆ خەڵكی ناوچەكە دەڕەخسێت كاندیدی شیاوی خۆیان نوێنەرایەتیان بكەن باشتر لەنوێنەری حزبە گەورەكان.

 

چوارەم: دۆخێك دروستدەبێت نوێنەرانی ڕاستەقینەی بەتوانا بەڕاستگۆییەوە نوێنەرایەتی خەڵكی خۆیان بكەن.

 

پێنجەم: هەژموونی خاوەن دەسەڵات و پارە و حزبی گەورە كۆتایی دێت، لایەنە ئەرێنیەكەی ئەو یاساییە ئەوەیە هەموو چینەكان لەبەرامبەر یەكدا بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی یەكسان دەكات و ڕۆڵی خاوەن پارە و سەرمایەدار و قۆرخكارەكان ناهێڵێت.

 

شەشەم: فرە بازنەی هەڵبژاردنەكان، دەتوانێت پاشەكشە بەدۆخی مەزهەبگەرایی و عەشیرەتگەرایی بهێنێت چونكە ئەزمونی 17 ساڵ وای كردووە دەنگدەر بتوانێت باشترین كاندید جیا بكاتەوە هەڵیبژێرێت.



دواى دیاریکردنى وادەى شەشى حوزەیرانى داهاتوو وەک وادەى هەڵبژاردنى پێشوەختە لەلایەن مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانەوە، مشتومڕ لەسەر سیستەمى فرە بازنەیی و دابەشکردنى بازنەکانى هەڵبژاردن سەریهەڵداوە و پەرلەمانیش بەڵێنیداوە ئەو پرسە یەکلابکاتەوە و یاساکە بەتەواوى پەسەند بکرێت.

 

پڕۆژە ياساى نوێى هەڵبژاردن كە يەكێك بوو لە داواكارييە سەرەكييەكانى خۆپيشاندەرانى دژ بە حكومەتى عێراق، لە 24ی کانوونی دووەمی 2019  لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكرا.  

 

ناکۆکییەکان لەسەر چۆنیەتى دابەشکردنى بازنەکانى هەڵبژاردن بووەتە بەربەستێکى گەورە لەبەردەم تەواوکردنى یاساکە، کە بە چوارچێوەیەکى یاسایی دادەنرێت بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن.  

 

زۆرینەى کوتلە سیاسییەکان کۆتایی ساڵى ڕابردوو لەژێر فشارى شەقامى ناڕازیدا دەنگیان بەیاساکەدا، بەڵام دواتر لەکاتى گفتوگۆکان لەسەر چۆنیەتى دابەشکردنى بازنەکانى هەڵبژاردن هەڵوێستەکانیان گۆڕانى بەسەردا هات و ناکۆکى لەنێوانیان سەریهەڵدا.  

 

کوتلە سیاسییەکان لەئێستادا بەسەر چەند بۆچونێکدا دابەشبوون لەبارەى بازنەکانى هەڵبژاردنەوە، هەندێک دەیانەوێت عێراق یەک بازنە بێت و هەڵبژاردن بە لیستى داخراوبێت، هەندێ کوتلەى دیکە دەیانەوێت بازنەکان لەسەر ئاستى پارێزگاکان بێت وەکو پێشوو، هەندێکى دیکەش دەیانەوێت لەسەر ئاستى قەزاکان بێت، کوتلەکانى دیکەش دەیانەوێت لەسەر ئاستى بازنەى تاکەکەسى بێت واتە 328 بازنەى هەڵبژاردن.    

 

تا ئێستا دیار نییە کوتلە سیاسییەکان دەتوانن ناکۆکییەکانیان لەو بارەیەوە تێپەرێنن و یاساى هەڵبژاردن لەو دۆخەى کە تێی کەوتووە رزگار بکەن یاخود نا، بەتایبەت کە ئێستا سەرجەمیان جەخت لە تێپەڕاندنى دەکەنەوە، دواى دیاریکردنى وادەى هەڵبژاردنى پێشوەختە لەلایەن مستەفا کازمییەوە.