گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داواى لێکۆڵینەوە دەکات

رونکردنەوەى ئاژانسى پاراستن لەسەر تۆمەتبارکردنى بە هێرشکردنە سەر رۆژنامەنوسێک ’’سیناریۆیە’’

2020.08.09 - 17:35
رونکردنەوەى ئاژانسى پاراستن لەسەر تۆمەتبارکردنى بە هێرشکردنە سەر رۆژنامەنوسێک ’’سیناریۆیە’’

ناس کورد-

ئاژانسى پاراستنى پارتى دیموکراتى کوردستان داواى لێکۆڵینەوەى بێلایەن دەکات لە هێرشکردنە سەر رۆژنامەنوسێک لە سلێمانى کە رۆژنامەنوسەکە ئەو ئاژانسە بە هێرشەکە تۆمەتباردەکات.

 

دوێنێ شەممە ڕۆژنامەنوس دانا مەنمی لەشارى سلێمانى لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوە هێرشیکرایەسەر و بریندارکرا، دواتریش رۆژنامەنوسەکە لە ڕونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، ئەو کەسانەى پەلاماریان داوە سەر بە دەزگای پاراستنی پارتی بوون و پێشتر داوایان لێکردووە رەخنە لەو حزبە نەگرێت.  

 

ئاژانسى پاراستن ئەمڕۆ لەرونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند "دوور و نزیک ئەم ڕووداوە پەیوەندیی بە ئاژانسی پاراستنەوە نییە و ئەو سیناریۆیە لە لایەن کەسانێک بۆ ناشیرینکردنی ناوی ئاژانسی پاراستن جێبەجێ کراوە و ئەو کەسەیان بۆ مەرامەکانیان کردووەتە قوربانی".

 

هەروەها بەپێویستى زانیوە لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنی دوور لە دەستێوەردان لەم رووداوە بکرێت و راستییەکان بۆ رای گشتی ڕوون بکرێنەوە.

 

زیاتر بخوێنەرەوە..ڕۆژنامەنوس دانا مەنمی: دەزگای پاراستنی پارتی پەلاماریان دام

 

دواى هێرشکردنە سەر ئەو رۆژنامەنوسە، سەنتەری میترۆ لە راگەیەنراوێکدا داوای لێكۆڵینەوەی جدی کرد لەو هێرشە و دۆزینەوەی هێرشبەران و رادەستكردنیان بە دادگا.

 

بەپێی رونکردنەوەکەى رۆژنامەنوس دانا مەنمى، ئەو کەسانەى پەلاماریانداوە پێنج کەس بوون و لەپشت نەخۆشخانەى فاروقەوە بەدەمانچە هێرشیان کردووەتە سەر.

 

ئاماژەی بەوەشكردبوو، پێش چەند رۆژێك لەمەوبەر دەزگای پاراستنی پارتی لەڕێگەی چەند دۆستێكەوە پەیوەندییان پێوە كردووە  و داوایان لێكردووە كە ڕەخنە لە پارتی و بنەماڵەی بەرزانی و مەلا مستەفا نەگرێت "داوایان  كردبوو  سەردانی دەزگاى پاراستن بكەم لە سلێمانی و پلەو پۆست و وەزیفەكانم بۆ بگەڕێننەوە، بەڵام من لای خۆمەوە داواكەیانم ڕەتكردەوە".