گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’لەگەڵ چوونی تیمەکە قاچاخچیەتی وەستا’’

تیمێکی حکومەتی عێراق چوونە دەروازەی سنوریی باشماخ

2020.08.09 - 15:54
تیمێکی حکومەتی عێراق چوونە دەروازەی سنوریی باشماخ

ناس کورد-

لیژنەیەکی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق چوونە دەروازەی سنوریی باشماخ دەربارەی چۆنێتی کارکردن لە دەروازەکە، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕانیش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ چوونی تیمەکە ئەو قاچاخیەی دەکرا وەستا، بەڵام لەئێوارەوە دەستپێدەکاتەوە.

 

مەریوان کەمال، بەڕێوەبەری دەروازەی باشماخ بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بەسەرپەرشتی عەمید فەرهاد، بەڕێوەبەری گومرگی سلێمانی تیمێک و دوو ئەفسەری پۆلیسی سنور کەسەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقن هاتنە دەروازەی باشماخ، بەمەبەستی زانینی شێوازی کارکردن."

 

وتیشی، هاتنی تیمەکە هیچ پەیوەندییەکی بە پرسی کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نییە و تیمەکە دوای تەواوکردنی کارەکانیان لە دەروازەکە ڕۆشتن.

 

لەوبارەیەوە عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی: "شەوی ڕابردوو هەر لەگەڵ چونی تیمەکەدا، ئەو قاچاخیەی لە خەتی ئاسایش لە باشماخەوە دەکرا وەستا، زیاتر لە 200 بارھەڵگر وەستابوون، چاوڕێی ڕۆشتنی تیمەکەی حکومەتی عێراق دەکەن بۆ ئەوەی کاڵا قاچاخ و قەدەغەکراوەکان داخڵ بکەن."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "ببینن بەرپرسانی کورد لە ڕێگای ئەو ھێزە ئەمنیانەی لە داھاتی خەڵکی ھەژار موچەیان پێدەدرێت خواردنی گەنیو ئێکسپایەرو کاڵای قاچاخ داخڵدەکەن و دەیکەن بە قوڕی خەڵکدا، بەڵام چەند ئەفسەرێکی عێراقی دێن لە ترسا ڕایدەگرن."

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو: "خاڵە سنوریەکانی کوردستان بووە بە ناوەندێکی گەورەی گەندەڵی و قاچاخچێتی و لە ئێوارەوە دەستپێدەکاتەوە."

 

چوونی تیمەکە لەکاتێکدایە، لەماوەی ڕابردوودا حکومەتی عێراق بڕیاریدا سەرجەم دەروازە سنورییەکانی عێراق بخاتەژێر دەسەڵاتی خۆیەوە و خاڵە سنورییەکانی هەرێمیش یەکێکن لەو پرسانەی لەنێوان هەرێم و بەغدادا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.