گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری لەبارەى ئەو بومەلەرزەیەی لە کرماشان ڕوویدا و لە بەغدا هەستی پێکرا

2020.08.09 - 13:27
زانیاری لەبارەى ئەو بومەلەرزەیەی لە کرماشان ڕوویدا و لە بەغدا هەستی  پێکرا

ناس کورد-

کاتژمێر 1:06ی خولەکی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.1 پلەى ڕێختەر شاری گیەڵان (گیلانغرب) لە پارێزگای کرمانشان کە دەکەوێتە سەر سنوری ئێران و عێراق هەژاند بەڵام هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبوو.

 

کۆرش مەحمودیان، قایمقامی شاری گیەڵان بە ئاژانسی ئیسنای ئێرانی وتووە، "دوو تیممان پێکهێناوە بۆ تۆمارکردنی زیانەکانی ئەو بومەلەرزەیەی سنوری عێراق و ئێرانی هەژاند، تیمەکان سەرجەم گوندەکان دەگەڕێن و خۆشبەختانە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان زیانێکی مادی زۆرمان نییە."

 

دەشڵێت، بومەلەرزەکە بە گوڕی 5.1 پلەی ڕێختەر و بە قوڵاتی هەشت کیلۆمەتر ناوچەکەى هەژاندووە و دەڵێت، بومەلەرزەکە لە دیوی عێراق و لە شارەکانی خانەقین و مەندەلی هەستی پێکراوە.

 

بەشێک لە شارەکانی هەرێم و عێراقیش هەستیان بە بومەلەرزەکە کردووە، نەک هەر سلێمانی، بەڵکو بەشێک لە دانیشتوانی بەغدا هەستیان پێکردووە و لە فەیسبوکی خۆیان دایانناوە.