گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەسەدە هۆكاری درەنگ یەكلایكردنەوەی شەڕی كۆتایی لەگەڵ داعش ئاشكرا دەکات

2019.03.04 - 11:04
هەسەدە هۆكاری درەنگ یەكلایكردنەوەی شەڕی كۆتایی لەگەڵ داعش ئاشكرا دەکات

 

 

ناس کورد-

 

هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) راگەیەندراوێكی لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی رزگاركردنی گوندی باغوز لەدێرزور لەرۆژهەڵاتی سوریا كە دواهەمین مۆڵگەی رێكخراوی داعشە لەو وڵاتە، بڵاوكردەوە.

لەراگەیەندراوەكەی هەسەدە كە بەناوی هەڵمەتی گەردەلوولی بیابان-ەوە بڵاوكراوەتەوە، هاتووە "هۆكاری سستی پێشڕەویكردنی شەڕڤانانی هەسەدە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پەرۆشی ئەوەین زیان بەو هاونیشتیمانیانە نەگەیەنین كە داعش وەك قەڵغانی مرۆیی بەكاریان دەهێنێت".

راگەیەندراوەكە روونیدەكاتەوە "هەڵمەتە سەربازییەكەمان بۆ رزگاركردنی دواهەمین مۆڵگەی داعش لەباغوز بەردەوامە، بەڵام هێزەكانمان بەهێواشی پێشڕەوی دەكەن وەك پەرۆشییەك بۆ رزگاركردنی ئەو هاووڵاتیانەی كە ماوونەتەوە لەگوندەكە‌و چەكدارەكانی داعش وەك قەڵغانی مرۆیی بەكاریان دەهێنن".

 

جەختیش دەكاتەوە "شەڕی رزگاركردنی باغوز لەماوەیەكی زۆر كورتدا، كۆتایی دێت".

 

پێشتر هێزەكانی سوریای دیموكرات بڵاوی كردەوە "رێكخراوی داعش بۆ ئەوەی رێگری لەپێشڕەوی شەڕڤانانی هەسەدە بكات پەنا بۆ تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو دەبات، وەك دواهەمین هەوڵی ئەو رێكخراوە بۆ دواخستنی شكستی یەكجارەكیان لەسوریا".