گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تورکیا لە ڕێگەی ’’دەڵاڵەوە ئاوارە سورییەکان دەخەڵەتێنێت و بەرانبەر بڕێک پارە دەیاننێرێتە لیبیا’’

2020.08.09 - 11:57
تورکیا لە ڕێگەی ’’دەڵاڵەوە ئاوارە سورییەکان دەخەڵەتێنێت و بەرانبەر بڕێک پارە دەیاننێرێتە لیبیا’’

ناس کورد-

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ناردنی چەکدارانی سوری بۆ لیبیا لەلایەن تورکیاوە بەردەوامە و ئاشکراشیکرد، تورکیا لەڕێگەی ژمارەیەک دەڵاڵەوە ئاوارەی کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی دەخەڵەتێنێت و بەراببەر بڕێک پارە ڕەوانەی بەرەکانی جەنگیان دەکات لە لیبیا

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ی ئابی 2020، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە: "تورکیا لەڕێگەی دەڵاڵەکانییەوە بە توندی دەستی داوەتە پرۆسەی بەسەربازگرتنی ئاوارە سورییەکانی دانیشتووی کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی میلیشیا توندڕەوەکانی نزیک لەخۆی، لەو ناوچانەی کە لەژێر هەژموونی ئەو دایە".

 

ئاماژەی بەوەشرکردووە: "هەر دەڵاڵێک بتوانێت ئاوارەیەکی سوری قایل بکات بۆئەوەی بڕوات بۆ بەرەکانی جەنگ لە لیبیا، بڕی 100 بۆ 300 دۆلاری پێدەدرێت".

 

ڕوانگەی سوری ئاشکراشیکردووە: "تورکیا بارودۆخی نالەباری ئاوارە سورییەکانی دانیشتووی کەمپەکانی ژێردەسەڵاتی خۆی قۆستەوەتەوە بۆ بەدەستهێنانی مەرامەکانی، دڵاڵەکانی تورکیا گەنجان و پیاوانی دانیشتووی ئەو کەمپانەیان بەرانبەر بەدەستهێنانی بڕە پارەیەک هەڵخەڵەتاندووە و ڕەوانەی لیبیایان کردوون".

 

بەگوێرەی داتاکانی ڕوانگە سورییەکە: "دوو ڕۆژ لەمەوبەر تورکیا توانیویەتی زیاتر لە 300 چەکداری سەربە میلیشیاکانی سولتان موراد، حەمزە و سولتان سلێمان نزیک لە خۆی ڕەوانەی بەرەکانی جەنگ بکات لە لیبیا".

 

ڕوانگەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو: "کۆی ژمارەی ئەو چەکدارانەی کە تائێستا تورکیا ڕەوانەی لیبیای کردوون  بە 17 هەزارو 300 چەکدار مەزەندە دەکرێت کە تائێستا نزیکەی 350 چەکداریان لە شەرەکانی لیبیا کوژراون و 34 چەکداریان منداڵبوون".