گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لایەنگیریی سیاسی هۆکارە

سێیەکی ئەمریکییەکان دەڵێن ڤاکسینی کۆرۆنا بەکارناهێنن تەنانەت بە خۆڕایش بێت

2020.08.09 - 11:54
سێیەکی ئەمریکییەکان دەڵێن ڤاکسینی کۆرۆنا بەکارناهێنن تەنانەت بە خۆڕایش بێت

ناس کورد-

ڕاپرسییەکی دامەزراوەیەکی ئەمریکی ئاشکرایکرد، سێیەکی هاوڵاتیانی ئەمریکا نایانەوێت ڤاکسینی کۆرۆنا بەکاربهێنن، تەنانەت ئەگەر بەخۆڕاییش بێت، بەگوێرەی ڕاپرسییەکە، لایەنگیری سیاسی و حیزبی لەنێوان کۆماری و دیموکراتەکان هۆکارێکی سەرەکی ئەو ئەنجامەیە.

 

بەگوێرەی ڕاپرسییەکی دامەزراوەی "گاڵوپ"ی ئەمریکی: "سێیەکی هاووڵاتیانی ئەمریکی ئامادەنین ڤاکسینی دژبە کۆرۆنا بەکاربهێنن، تەنانەت ئەگەر بەبێبەرامبەتریش بۆیان دابین بکرێت." 

 

ئەنجامی ڕاپرسییەکە دەریخستووە، لایەنگیریی سیاسی و حیزبی یەکێکە لە هۆکارەکانی قایلبوون لە بەکارهێنانی ڤاکسینەکە یاخود ڕەتکردنەوەی، بەوپێیەی، 81%ی ئەو هاوڵاتییانەی هەواداری دیموکراتییەکانن ئامادەیی خۆیان نیشانداوە ڤاکسینەکە بەکاربهێنن، لەبەرانبەردا تەنها 41%ی ئەوانەی هەواداری کۆمارییەکانن ئامادەن ڤاکسینەکە بەکاربهێنن و 59%یان رەتیانکردووەتەوە. 



لە ئەنجامی ڕاپرسییەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو: "ئەمریکییە سپی پێستەکان بەراورد بە هاوڵاتییەکانی دیکەی ئەمریکا زیاتر ئامادەیی خۆیان نیشانداوە لەبەکارهێنانی ڤاکسینەکە، سەرباری ئەوەی هاوڵاتییە ئەمریکییە ڕەش پێستەکان و پێکهاتە نەژادییەکانی دیکەی ئەو وڵاتە زیاتر بەهۆی نەخۆشییەکەوە زیانیان پێگەیشتووە".

 

لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ئەمریکا 10 ملیار دۆلاری بۆ دروستکردنی 300 ملیۆن دانە لەڤاکسینی دژبە کۆرۆنا تا مانگی کانوونی دووەمی 2021 تەرخانکرد.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەنتۆنی فاوچی، سەرۆکی شارەزایانی نەخۆشییە  گوازراوەکانی ئەمریکا دوێنێ (هەینی) ڕایگەیاند : "تائێستا نازانین ڕێژەی کارابوونی ڤاکسینەکە بۆ بنبڕکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا چەندە، ئایا لە50%یە یان لە60% یان 75% و یان زیاترە، بۆیە دەبێت مرۆڤەکان بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە پەتاکە نەبن".

 

به‌پێى دوایین ئاماره‌كان، كۆى گشتیی تووشبوانى په‌تاى كۆرۆنا له‌ ئه‌مریكا گه‌یشتووه‌ته پێنج ملیۆن و 149 هه‌زار و 723 كه‌س، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ به‌یانیی دوێنێ (شه‌ممه‌) له‌ ئه‌مریكا ژماره‌ى تووشبوانى كۆرۆنا پێنج ملیۆن و 95 هه‌زار و 524 كه‌س بوو، واتە له‌ 24 كاتژمێرى ڕابردوودا، زیاتر له‌ 54 هه‌زار كه‌س تووشى كۆرۆنا بوون.

 

تا ئێستا له‌ ئه‌مریكا 165 هه‌زار و 70 كه‌س به‌هۆى ڤایرۆسەکەوە گیانیان له‌ده‌ست داوه‌، دوو ملیۆن و 638 هه‌زار و 470 كه‌سیش چاك بوونه‌ته‌وه‌.