گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

25 ئەوەندەى ژمارەى دانیشتوانی زەوی!

مانگانە چەند دەمامک و دەستکێش لە جیهاندا بەکاردێت؟

2020.08.09 - 11:01
مانگانە چەند دەمامک و دەستکێش لە جیهاندا بەکاردێت؟

ناس کورد-

ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی ئاشكرای دەکات، لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە مانگانە لە جیهاندا 194 ملیار دەمامک و دەستکێش بەکاردەهێنرێت و زۆرینەی پاشماوەکانیش دەکرێنە دەریاکانەوە کە 450 ساڵی دەمێننەوە و ئەوەش بەمەترسییەکی دیکە بۆسەر جیهان ناودەبرێت.

 

لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا، هاوڵاتیان ناچار بوون دەمامک و دەستکێش بە شێوەیەکی فراوان و بۆ خۆپاراستنیان لە توشبوونیان بە ڤایرۆسەکە بەکاربهێنن.

 

ڕۆژنامەی "تەکنەلۆژیا و زانیاری و ژینگە"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە: "لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا مانگانە 194 ملیار دەمامک و دەستکێش لە جیهاندا بەکاردەهێنرێت."

 

ئەو دەمامک و دەستکێشانە یەکجار بەکاردەهێنرێن و "سەفەرین"، لە مادە  پلاستیکییەکان و پێکهاتە کیمیاییەکان بەرهەمدەهێنرێن.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیە، زۆرینەی پاشماوەکانی ئەو دەمامک و دەستکێشانە دەخرێنە دەریاکانەوە و ماوەی 450 ساڵیشیان پێویستە تاوەکو بەتەواوی شی دەبنەوە و لەناودەچن.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، بەهۆی زۆربوونی پاشماوەی ماسک و دەستکێش لە دەریاکاندا، چالاکوانانی بواری ژینگە لە فەڕەنسا، هۆشداریانداوە لەوەی کە ئەگەر جیهان لەسەر بەکارهێنانی بەردەوام بێت، ئەوا پاشماوەی ماسک و دەستکێش لە دەریاکاندا لە پەری دەریای زیاتر دەبێت و مەترسی گەورە لەسەر ژینگە دروست دەکات.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئامۆژگاری ئەوە کراوە کە هەوڵبدرێت ئەو کەسانەی ناچنە نەخۆشخانەکان، لەجێگەی ماسکی سەفەری، ئەو جۆرە ماسکانە بەکاربهێنن کە دووبارە بەکاردەهێنرێنەوە.

 

جولیان کیربی، ئەندامی دامەزراوەی هاوڕێی زەوی دەڵێت: "گرنگترین شت ئەوەیە کە هاوڵاتیانی جیهان سەلامەت بن و ڕێگری بکەن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، ئەوە ئەرکی سەرشانی وڵاتانە کە هەوڵبدەن لەجێگەی دەمامکی سەفەری ئەو دەمامکانە بەرهەمبهێنن کە دووبارە بەکاردەهێنرێنەوە."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "ئێمە دەتوانین هاوشان لەگەڵ پاراستنی خۆماندا، ژینگەش بپارێزین و پاشماوەکانی دەمامک و دەستکێشی سەفەری کەمبکەینەوە."

 

تاوەکو ئێستا لەجیهاندا نزیکەی 20 ملیۆن کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون و زیاتر لە 729 هەزار کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکوە گیانیانلەدەستداوە.