گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەمڕۆ ئەمریکا سیاسەتی بە سفر گەیاندنی ئاستی هەناردەى نەوتی ئێران ڕادەگەیەنێت

2019.04.22 - 10:08
ئەمڕۆ ئەمریکا سیاسەتی بە  سفر  گەیاندنی ئاستی هەناردەى نەوتی ئێران ڕادەگەیەنێت

ناس کورد-

وابڕیارە ئەمڕۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا سیاسەتى سفرکردنی هەناردەکردنی نەوتی ئێران ڕابگەیەنێت، بەجۆرێک چیتر هیچ وڵاتێک هەڵاوێردە ناکرێت و ڕێگەى پێنادرێت نەوتی ئێران هاوردەبکات.

دوای نزیکەى ساڵێک لە بڕیاری ئەمریکا بۆ دەرچوون لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکانى ئێران و وەک هەڵمەتێک بۆ کەنارخستن و سزای ئابوری بۆسەر ئێران، واشنتۆن ڕایگەیاند کە دەبێت سەرجەم وڵاتان هاوردەکردنی نەوتی ئێران ڕابگرن، هەرئەوکاتە ئەمریکا هەشت وڵاتی لەو بڕیارە بەخشی.

بەڵام بەپێی زانیارییەکانى ڕۆژنامەى واشنتۆن پۆستی ئەمریکی کە لە دوو سەرچاوەى باڵای وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا وەریگرتووە، ئەمڕۆ مایک پۆمپیۆ، وەزیرى دەرەوەى ئێران سیاسەتى کەمکردنەوەى هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ سفر ڕادەگەیەنێت و چیتر هیچ وڵاتێک نابەخشێت لە کڕینی نەوتی ئێران.

بەپێی زانیاریی واشنتۆن پۆست، بڕیارەکە لە 2ی ئایارەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوەوە و چیتر ڕێگە بە هیچ وڵاتێک نادرێت نەوتی ئێران هاوردەبکات و پێویستە سەرجەم وڵاتان پابەندی بڕیارەکە ببن.

ئەو وڵاتانەى کە ئەمریکا بەخشیبوونی لە هاوردەکردنی نەوتی ئێران بریتین لە، چین و هیندستان و یایان و کۆریای باشور و تایوان و تورکیا و ئیتاڵیا و یۆنان.