گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق؛ لێکۆڵینەوە لە پەلامارەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم دەستپێدەکات

2020.08.08 - 23:01
عێراق؛ لێکۆڵینەوە لە پەلامارەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم دەستپێدەکات

ناس کورد-

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، هەفتەی داهاتوو لەسەر پرسی لەشکرکێشی و بۆردومانەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و بەرگریی عێراق کۆدەبنەوە.

 

عەبدولخالق عەزاوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش وبەرگریی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ میدیا عێراقییەکانی ئاشکراکرد: "دۆسیەی هەڕەشە و پەلامارەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دۆسیەیەکی هەستیارە و بایەخێکی زۆری پێدراوە لەلایەنە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقەوە".

 

وتیشی : "بڕیارە هەفتەى داهاتوو کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان دەربارەی ئەو پرسە لەگەڵ هەردوو وەزیری ناوخۆ و بەرگریی عێراق سازبکرێت ".

 

 ئاماژەy بەوەشکرد: "دۆسێەی دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆسەرخاک و ناوچەکانی سەربە هەرێمی کوردستان دوو ڕەهەندی گرنگی لەخۆگرتووە کە پێکهاتوون لە ڕەهەندی (مرۆیی و ئاسایش)، چونکە دەستدرێژییەکانی تورکیا بووەتە هۆکاری ئاواربوونی دەیان هەزار خەڵکی سڤیل لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بۆیە ئەو پرسە پێویستی بە پیادەکردنی هەنگاوی جدی هەیە لە پێناو ڕاگرتنی پەلامارەکانی تورکیا و پاڵپشتیکردنی خەڵکی سیڤیلی ناوچەکە".

 

بە بیانووی بوونی بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچە سنورییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، تورکیا لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا ئۆپڕاسیۆنی (چڕنووکی داڵ و چنگی پڵنگ)ی ڕاگەیاند،  دەستدرێژییەکانی سوپای تورکیا کە تائێستا بەردەوامی هەیە زیانێکی گەورەی لەموڵک و ماڵی هاووڵاتیان داوە و دەیان هاووڵاتی سڤیلیشی کردوەتە قوربانی.