کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
بەپێی ڕاگەیەندراوی پۆلیسی سریلانکا، ئاماری بەرکەوتووانى تەقینەوەکانى کلێسا و ئوتێلەکان لە پایتەخت و چەند شارێکى دیکە گەیشتووەتە 290 کوژراو و نزیکەى 500 بریندار.
دوێنێ، 21ی نیسانى 2019، هەشت تەقینەوەی یەک لەدوای یەک شاری کۆڵۆمبۆی پایتەخت و چەند شارێکى دیکەی سریلانکایان هەژاند، تەقینەوەکان لەکاتى بەڕێوەچوونی جەژنی قیامەى مەسیحییەکانی ئەو وڵاتە ڕوویدا.
تەقینەوەکان کە دوانیان خۆکوژی بوون سێ کڵێسا و چوار ئوتێلیان کردە ئامانج، هەرچەندە تائێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتى تەقینەوەکانى لەئەستۆنەگرتووە، بەڵام پۆلیس 24 کەسی دەستگیرکردووە بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە تەقینەوەکان.
هەر دوای تەقینەوەکان، قەدەغەکردنی هاتوچۆی شەوانە و ڕاگرتنى دەوامی خوێندنگە و فەرمانگەکانى حکومەت لە تەواوی وڵات ڕاگەیەنرا، یەکەکانى سوپاش لە پایتەخت و تەواوی شارەکان بڵاوەیان پێکراوە.
سەرۆک وەزیرانى سریلانکا ڕایگەیاند، لەدوای کۆتاییهاتنى لێکۆڵینەوەکان پۆلیس ڕاپۆرتی خۆی لەبارەى ئەنجامدەرانی بڵاودەکاتەوە.
بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ئەنجامدەرانی تەقینەوەکان خەڵکی سریلانکان و لێکۆڵینەوەش لەوەدەکرێت کە ئایا هاوکاری دەرەکییان وەرگرتووە یان نا.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی سریلانکا لە میدیاکانى وتووە، چەند کەسێک لە دەستگیرکراوەکان ئەندامی ڕێکخراوە توندڕەوەکانن.
زۆربەى دانیشتوانى سریلانکا بوزین، 10%ی موسڵمانن و 8%ی مەسیحین، تەواوی دانیشتوانەکەشى 22 ملیۆن کەسن.