گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’تەنها واژۆکردنی ماوە’’

سێشەممە شاندەکەى هەرێم دەگەڕێتەوە بەغدا بۆ ’’دواقۆناغی ڕێککەوتن’’

2020.08.08 - 18:51
سێشەممە شاندەکەى هەرێم دەگەڕێتەوە بەغدا بۆ ’’دواقۆناغی ڕێککەوتن’’

ناس کورد-

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیارە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو، شاندی باڵای حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکەنەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، هەردوولا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و تەنها واژووکردنی ڕێککەوتنەکە ماوە.

 

مەیادە نەجاڕ، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەگەر گۆڕانکاری ڕوونەدات، بڕیارە ڕۆژی سێشەممە، 11ی ئابی 2020، شاندی باڵای حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکەنەوە، بە مەبەستی ڕێککەوتن لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان."

 

وتیشی: "گفتوگۆکان لە دوا قۆناغی ڕێککەوتندان و خۆشبەختانە ڕێککەوتن لەسەر زۆرینەی پرسەکان کراوە، تەنها واژووکردنی ماوە."

 

دەربارەی ڕۆژی واژووکردنی ڕێککەوتنەکە، ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد: "زانیاری ئەوەم نییە هەر سێشەممە یاخود چوارشەممە ڕێککەوتنەکە واژوو دەکرێت، بەڵام ئەوەی گرنگە هەردوولا ڕێککەوتن و بەمنزیکانە واژووکردنی ڕێککەوتنەکەش دەبینین."

 

هاوکات لەبارەی ماوەی ڕێککەوتنەکە، مەیادە نەجاڕ باسی لەوەکرد: "بەهۆی ئەوەی لەعێراق بودجەیەکی ساڵانە نییە و ماوەی بودجەش دیارنییە و مانگانە بودجە بۆ پارێزگاکان تەرخاندەکرێت، بۆیە ئەوەیان دیارنییە کە چۆن دەبێت، بەڵام ئەوەی گرنگە کە ڕێککەوتنەکە لە بەرژەوەندی هەردوولا و هاووڵاتیان بێت."

 

چوونەوەی شاندەکەی هەرێم بۆ بەغدا و نزیکبوونەوە لەڕێککەوتنی کۆتایی لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ شەممە، سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دارایی بە ناس کوردی ڕاگەیاند، لە 15 تا 20ی ئەم مانگە بەبێ هیچ لێبڕینێک دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی ئازاری ئەمساڵ دەکرێت.

 

ڕێککەوتنێکی کاتی!

هاوکات ئەندامێکی کوردی ليژنەى دارايى پەرلەمانى عێراقیش دەڵێت، هەردوولا زۆر لەيەك دوورن و بەغدا هەندێك مەرجى زياد كردووە کە هەرێم نایەوێت جێبەجێی بکات، میدیای یەکێتیش کە حزبەکەى سەرۆکایەتی شاندی هەرێم بۆ بەغدا دەکات ناوەڕۆکی دواین پێشنیازی بەغدا بۆ هەرێم ئاشکرا دەکات.  

 

جەمال کۆچەر، ئەندامی کوردی لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق بە ناس کورد وت، "لەوانەيە ڕێککەوتن بكەن بۆ ماوەيەكى دياريكراو، چونكە كازمى پێويستى بە هەندێش شتە و هەرێميش پێويستى بە پارەيە."  

 

سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا ئەو پەرلەمانتارە باسى لەوەكرد، جۆرێك لە ڕێککەوتن هەيە و نازانين لەسەر چ بنەمايەكە، بەڵام هەردوولا زۆر لەيەكەوە دوورن، بەغدا هەندێك مەرجى زياد كردوە و هەرێميش ئامادە نييە ئەو مەرجانە جێبەجێ بكات.  

  

کۆچەر باسی لەوەشکرد کە "لەوانەيە بابەتەكە دابەش بكەن، چونكە كازمى لەئێستادا پێويستى بە هەندێك شت هەيە و هەرێميش پێويستى بە پارە هەيە، بۆیە لەوانەيە ئەو داواكاريانەى بەغدا جێبەجێ بكەن و كازميش هەندێك پارە بنێرێت بۆ ماوەيەكى كاتى، تا دوايى قسە لەسەر ڕێککەوتنێکی تر بكرێت."  

  

پێشنیازی نوێی بەغدا بۆ هەرێم!  

خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا کە ئەندامی شاندی باڵای هەرێمە رۆژى سێشەممە، 27ی تەموزی 2020 لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکردبوو "دوا پێشنیاز لە حکومەتی عێراقەوە گەیشتە ئێمە و ئێمەش هەر ئەمڕۆ وەڵامی خۆمان بۆ ناردنەوە، واتە تاڕادەیەک دانوستانەکان چوونەتە پێشەوە و ئەگەر بەمشێوەیە بێت، لەدوای جەژن دەچینەوە  بەغدا بۆ زیاتر گفتوگۆکردن و گەیشتنە ڕێککەوتن."  

  

هاوکات ماڵپەڕی PUKMediaی زمانحاڵی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە قوباد تاڵەبانی  سەرۆکایەتى شاندی هەرێم دەکات بۆ بەغدا، لەزارى سەرچاوەیەکەوە نوسیویەتی، "هەرێم و بەغدا لە رێككەوتن نزیك دەبنەوە و چاوەڕوانیش دەكرێت هەفتەی داهاتوو شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بكاتەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەو پێشنیازە بكرێت كە بەغدا بۆ ڕێككەوتن ڕەوانەی هەرێمی كردوە."  

  

بەپێی ماڵپەڕەکە "پێش جەژنی قوربان حكومەتی عێراق پێشنیازێكی ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم كردوە و ئامادەیی پیشانداوە لە بەرامبەر نیوەی داهاتی خاڵە سنورییەكان و ناوخۆی هەرێم مانگانە بڕی 300 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكات."  

  

هەر لە زاری سەرچاوەکەوە، PUKMedia دەڵێت، "بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بكاتەوەو چاوەڕوانیش دەكرێت لەسەر ئەو پێشنیازە ڕێككەوتن بكرێت كە تەنها تا كۆتایی ئەمساڵ دەبێت و لەساڵی 2021دا هەرێم و بەغدا بەپێی رێككەوتنێكی گشتگیر مامەڵە بكەن."  

  

لەبارەى ئەى پێشنیازە کە تاڕادەیەک وەک دەنگۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بڵاوبووەتەوە، جەمال کۆچەر ڕاگەياند، "هەندێك لايەن باس لەوەدەكەن بەڵام شتى فەرمى نين، پرسيارەكە ئەوەيە ئەو پارەيە بەرامبەر بە چييە، چونكە بەغدا بەبێ بەرامبەر پارە نانێڕێت، جێى باوەڕ نييە كە بەغدا لە ئێستادا پارە بۆ موچەى خۆى قەرز دەكات بەڵام پارە بنێرێت بۆ هەرێم، هەروەها پێشتريش جەختیان کردووەتەوە كە بەبێ ڕێککەوتن پارە نانێرن."  

  

ئەو پەرلەمانتارە كوردە بۆچونى وايە لەوانەيە ئەو پارەيە بەرامبەر جێبەجێكردنى ئەو داواكاريانەى كازمى بێت كە پێويستى پێيەتى وەك ڕادەستكردنى خاڵە سنوريەكان، ياخود هاتنى ديوانى چاودێرى دارايى بەغدا بۆ هەرێم، كازمى پێويستى بەوەيە كە نامەيەك بگەيەنێتە شيعەكان و بڵێت كە تەنها خاڵە سنوريەكانى ژێر دەستى خۆيان كۆنترۆڵ ناكات و ئەوانەى هەرێميش كۆنترۆڵ دەكات.  

  

بە ڕای کۆچەر، دوو پرسيارى سەرەكى هەن کە ئەوانيش، يەكەم؛ پارەكە بەرامبەر چييە؟ دووەميش ئايا هەرێم ئەوە قبوڵ دەكات؟، ئەو وەڵامەش لاى حكومەتى هەرێمى كوردستانە.