گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هۆکارەکان بزانە

بۆچی کۆرۆنا زۆر خێراتر لە ئەنفلۆنزا بڵاودەبێتەوە؟

2020.08.08 - 17:36
بۆچی کۆرۆنا زۆر خێراتر لە ئەنفلۆنزا بڵاودەبێتەوە؟

ناس کورد-

ڤایرۆسى کۆرۆنا لە کۆتایی ساڵى ڕابردوودا دەرکەوت، بەڵام توانى زیاتر لە 19 ملیۆن کەس تووش بکات لەماوەى چەند مانگێکدا، ئەوەش پرسیارى هێناوەتە ئارا لەبارەى هۆکارى خێرایی بڵاوبوونەوەى بەراورد بە ئەنفلۆنزاى ئاسایی.

 

بەپێی ڕۆژنامەى نیۆیۆرک تایمزى ئەمریکى، ئەو ڤایرۆسە کە سەرەتا لە چین سەریهەڵدا لەکۆتایی ساڵى ڕابردوودا، بەشێوەیەکى زۆر خێرا بڵاوبووەتەوە، بەزۆرى لەسەر روکارى شوێنەکان، یان ماوەیەکى درێژ لەو شوێنانە ماوەتەوە کە داخراون و هەواگۆڕکێیان تێدا نییە.

 

لەسەر ئەو بنەمایە، کەسێکى توشبووى کۆرۆنا دەکرێت ڤایرۆسەکە بۆ دەیان کەس بگوازێتەوە، یان بۆ سەدان کەس، بەتایبەتى لەو کۆمەڵگانەى ژمارەى دانیشتوانیان زۆرە.

 

جوشوا شیفر، توێژەر لە زانست و توێژینەوە لە نەخۆشیە گوازراوەکان لە سەنتەرى فرید هاچینسۆن بۆ توێژینەوە لەسەر شێرپەنجە دەڵێت، ژمارەى ئەو کەسانەى کە ڤایرۆسەکە دەگوازنەوە بۆ ژمارەیەکى گەورەى خەڵک هێشتا سنوردارە.

 

دەشڵێت، لەنێوان 10-20%ى توشبووان بەرپرسن لە تووشکردنى 80%ى توشبووە نوێیەکانى دیکە.

 

بەوتەى جوشوا، تێگەیشتن لە هۆکارى خێرا بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا دەکرێت ببێتە هۆى گەمارۆدانى پەتاکە کە بەهۆیەوە 721 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.

 

نیشانە دیارەکان

ئەو توێژەرە لە توێژینەوەیەکدا ئاشکرایکردووە، توشبوویەکى کۆرۆنا دەکرێت سەرەتا بەشێوەیەکى گەورە ڤایرۆسەکە بگوازێتەوە لەکاتێکدا ڤایرۆسەکە لەوپەڕى ئاستیایەتى، واتە لەماوەى ڕۆژ یان دوو رۆژى توشبوونیدا، ئەوەش ماوەیەکى کورتە.

 

بەڵام کەسى توشبوو تواناى ئەوەى دەمێنێت کە دواى ئەو ماوەیەش ڤایرۆسەکە بگوازێتەوە، بۆیە پێویستە هەمیشە خەڵک پابەندى رێوشوێنەکان بن، ئەوەش بەوتەى ئەو توێژەرە.

 

ڤایرۆسى کۆرۆنا بەوە لە ڤایرۆسى ئەنفلۆنزاى ئاسایی جیادەکرێتەوە کە رەنگە کەسى توشبوو سەرەتا نیشانەى لەسەر دەرنەکەوێت، تا دواى چەند هەفتەیەک یان هەرگیز نیشانەى لەسەر دەرنەکەوێت.

 

لەسەر ئەو بنەمایە، ماوەى مانەوەى ڤایرۆسەکە واتە ماوەى جیاکەرەوەى نێوان تۆمارکردنى ڤایرۆسەکە و دەرکەوتنى نیشانەکان، بەشێوەیەکى زۆر درێژدەبێتەوە لەو کەسانەى کە توشى ڤایرۆسى کۆرۆنا دەبن، لەکاتێکدا لەئەنفلۆنزاى ئاساییدا لەچەند رۆژێکى کەمدا نیشانەکان دەردەکەوێت.

 

کەسانێکى زۆر کە توشى ڤایرۆسەکە بوون و نیشانەیان لەسەر دەرنەکەوتووە، تێکەڵى خەڵک بوون و ڤایرۆسەکەیان گواستووەتەوە، لەکاتێکدا لە ئەنفلۆنزاى ئاساییدا و بەهۆى خێرا دەرکەوتنى نیشانەکانەوە خەڵک رێوشوێنى خۆپاراستن دەگرێتەبەر.