گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەڵام بازێکی تری ماوە لەم ساڵدا

دۆلار گرانبوونی بەردەوام و مێژوویی زێڕى ڕاگرت

2020.08.08 - 14:43
دۆلار گرانبوونی بەردەوام و مێژوویی زێڕى ڕاگرت

ناس كورد-

نرخى زێڕ لە زنجیرە هەڵکشانە مێژووییەکانى وەستا کە لەچەند هەفتەى ڕابردوودا تۆماریکرد، لەگەڵ ئەوەشدا شیکەرەوان پێشبینى دەکەن لەنێوان شەش بۆ 12 مانگى داهاتوودا ئاستێکى دیکەى پێوانەیی تۆماربکات.

 

بەپێی ئاژنسى ڕۆیتەرز، نرخى مامەڵە خێراکانى ئۆنسەیەک زێڕ دوێنێ لەکاتى داخستنى بۆرسەدا بە 2033.89 دۆلار مامەڵەى پێوەکراوە، لەکاتێکدا پێشتر گەیشتبووە 2072.50 دۆلار. هەروەها نرخى گرێبەستە دواخراوەکانى زێڕى ئەمریکا بۆ 2028  دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک دابەزیوە.

 

دابەزینى نرخى زێڕ بەهۆى بوژانەوەى نرخى دۆلارەوە بوو، دواى ئەو ئامارانەى دەرخست کە 1.763 هەلى کار لە ئەمریکا لەدەرەوەى کەرتى کشتوکاڵ لە تەموزدا زیادیکردووە .

 

سەرەڕاى دابەزینى نرخەکەى، شیکەرەوان پێشبینى بەرزبونەوەى زیاترى نرخى زێڕ دەکەن.

 

ئیدوارد مایر شیکەرەوە لە (ئي.دى ئاند إف مان كابيتال) دەڵێت، پێدەچێت زێڕ تا کۆتایی ئەمساڵ نرخەکەى لەنێوان 2200 و2300 دۆلاردا بمێنێتەوە.

 

هەروەها شارەزایانى گروپى "سیتى بان"ى وەبەرهێنان پێشبینى دەکەن، نرخى زێڕ ئاستێکى دیکەى پێوانەیی تۆماربکات لە شەش بۆ 12 مانگى داهاتوودا و هەر ئۆنسەیەک بگاتە 2300 دۆلار، ئەوەش بەپێی تۆڕى "سی ئێن بی سی" ئەمریکى.

 

کاسرین مان گەورە شیکەرەوەى ئابورى گروپەکە دەڵێت، "نرخى زێڕ کە ئێستا راوەستاوە لەهەفتەى ڕابردوودا نزیکەى 4% بەرزبووەتەوە، لەرێگەدایە بەرەو ئاستێکى دیکەى پێوانەی بۆ هەفتەى حەوتەم لەسەریەک".

 

بەپێی پێشبینى شارەزایانى گروپەکە، لەکاتێکدا بەشێک لە ئابوریناسان شیکردنەوە بۆ بەرزبوونەوەى زێڕ دەکەن و هۆکارەکەى بۆ پاشەکشەى بەهاى دۆلار دەگەڕێننەوە، بەڵام هیچ دراوێکى دیکە نییە جێگەى دۆلار بگرێتەوە، بانکى فیدراڵى ئەمریکا هەوڵدەدات بڕێکى گەورەى دۆلار بخاتە بازاڕەوە و گرێبەستى ئاڵوگۆڕى دراو لەگەڵ وڵاتانى دیکە واژۆبکات، ئەوەش دەبێتە هۆى بەهێزبوونەوەى دۆلار وەک گرنگترین دراوى جیهانى.

 

دەشڵێن، تەنانەت ئەگەر بەهاى دۆلار پاشەکشەى دیکەش بەخۆوە ببینێت بەراورد بە نرخى زێڕ، بەڵام هەروەک باشترین دەمێنێتەوە بەراورد بە دراوە باوەکانى دیکە کە بەهەمانشێوەى روبەڕووى پاشەکشە بوونەتەوە.