گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نەوەی نوێ دەنگی ناڕەزایی تێکەوت

ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ: جوڵانەوەکە لەگەڵ خێزان و بزنس تێکەڵکراوە و جیاکردنەوەیان سەختە

2019.04.22 - 00:02
ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ: جوڵانەوەکە لەگەڵ خێزان و بزنس تێکەڵکراوە و جیاکردنەوەیان سەختە

ناس کورد-

ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و فراکسیۆنی ئەو حیزبە لە بەغدا ڕایدەگەیەنن، جوڵانەوەکە بەجۆرێك لەگەڵ خێزان و بزنس تێکەڵکراوە "جیاکردنەوەیان سەختە".

.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەستی ناس کورد کەوتووە، ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و فراکسیۆنی ئەو حیزبە لە پەرلەمانی عێراق، ڕایانگەیاندووە: "لە سەردەمێکدا بە ئومێدێکەوە هاتین نەوەی نوێ بکەین بە ئامرازی ھەستانەوەی گەلەکەمان لە شکست، کە ئەزمونێكی سیاسی جیاوازی ئەوتۆ پێشکەشی گەلەکەمان بکەین، ببێتە جێگەی شانازیی و نمونەی چاولێکردن".

.

ئاماژە بەوەشکراوە: "نیگەرانین، کە نەوەی نوێ لە جوڵانەوەیەکی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێکی سیاسی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە، کە ھەمو دەزگا و ئۆرگانە گرنگەکانی بڕیاردان تێیدا پەراوێز خراوە و بڕیاری دەستە جەمعی تێدا نەماوە".

.

"جوڵانەوەکە بەجۆرێك لەگەڵ خێزان و بزنس تێکەڵ کراوە، ئیتر جیاکردنەوەیان سەخت بێت، بۆیە، لێرەوە ئێمە ئۆرگانە سەرەکیە ھەڵبژێردراوەکانی نەوەی نوێ، لەبەردەم رای گشتی و گەلەکەمان رایدەگەیەنین کە دیدەگای ئێمە جیاوازە و سورین لەسەر بەردەوامی لەسەر ئەو بنەمایانەی بانگەشەمان بۆ کردن و نەوەی نوێمان لەسەر دامەزراند"، لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی باڵا و فراکسیۆنی نەوەی نوێدا هاتووە.

.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختکراوەتەوە کە ئیتر رێگە نادەن نەوەی نوێ لە بێدەنگیدا بکرێتە بازنەیەکی تری "شکستی سیاسەت و ئامرازی خولیا و بەرژەوەندی تایبەتی".


جوڵانەوەی نوێ بە سەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید وەک پارتێکی سیاسیی نوێ بەشداریی لە دوو هەڵبژاردنی ڕابردوودا کردووە، لە پەرلەمانی کوردستان هەشت کورسی هەیە و لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاقیش خاوەنی چوار کورسییە. 

 

.