گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاستى ڤيديۆکە ئاشکراکرا..ئایا هۆکارى تەقينەوەكەى بەيروت موشەك بووە؟

2020.08.08 - 10:26
ڕاستى ڤيديۆکە ئاشکراکرا..ئایا هۆکارى تەقينەوەكەى بەيروت موشەك بووە؟

ناس کورد-

 

گرتەيەكى ڤيديۆيى لە تۆڕە كۆمەڵايەتيەكان بڵاوكراوەتەوە گوايە تۆمارى ڤيديۆيى تەقينەوەكەى بەيروتە لەرێگەى تۆمارى گەرمييەوە و تێيدا دەردەكەوێت كە موشەكێك دەگيرێتە بەندەرەكە ئەوەش بە هۆكارى تەقينەوە گەورەكە دادەنرێت، بەڵام بەپێى لێكۆڵينەوەكان ڤيديۆكە دەستكارى كراوە و موشەكەكەى بۆ زياد كراوە.

 

لە ڤيديۆكەدا دوكەڵى سپى و ڕەگ دەردەكەوێت كە بەرەو ئاسمان بەرز دەبنەوە، دواتر موشەكێك دەگيردرێتە ناوچەكە و ئەوەش تەقينەوەيەكى گەورە دروست دەكات.

 

بەپێی ماڵپەڕى حورە، لەگەڵ بڵاوكردنەوەى گرتە ڤيديۆكە لە تۆڕە كۆمەڵايەتيەكان باس لەوەدەكرێت كە خەڵكى ناوچەكە گوێيان لە دەنگى فڕۆكەى جەنگى بووە پێش تەقينەوەكە بە ماوەيەكى كەم، هەروەها هەواڵێكى ساختەش بڵاوكراوەتەوە كە گوايە "بنيامين ناتانياهۆ" بەرپرسیارێتى وڵاتەكەى لە تەقينەوەكەى بەيروت ڕاگەياندووە.

 

ئەمەش لەكاتێكدايە كە دواى تەقينەوەكە ئەوە بڵاوكراوەتەوە، كە بەهۆى بوونى 2750 تۆن مادەى نيتراتى ئامۆنيۆمەوە بووە كە لە بەندەرەكە دەستى بەسەردا گيراوە و چەندين ساڵە لەو بەندەرەيە بەبێ گرتنەبەرى هيچ ڕێوشوێنێكى خۆپاراستن.

 

تۆمارى ڤيديۆيى گەرميى؟

ڤيديۆكە لە تۆڕە كۆمەڵايەتيەكان هەزاران جار شەير كراوەتەوە ئەوەش دواى چەند كاتژمێرێك لە بڵاوكردنەوە و باس لەوە دەكرێت كە بەوردى ديارە چۆن موشەكێك لە ئاسمانەوە دەيدات لە بەندەرەكە، بەڵام شارەزايان باس لەوەدەكەن ئەو گرتە ڤيديۆييە دەستكارى كراوە ئەويش بەرێگەى "Negative" كراوە بە ڕەش و سپى.

 

ڕاستى موشەكەكە چييە؟

تيمى بەدواداچونى ڕاستيەكانى سەربە ئاژانسى فرانس پرێس ئاشكرايكردوە، ڤيديۆكە لە كەناڵێكەوە بەناوى Roland ەوە بڵاوكراوەتەوە كە تەنها ئەو ڤيديۆیە و ڤيديۆيەكى ترى تێدايە كە بەراورد لەنێوان تەقينەوەكەى بەيروت و چەند ديمەنێكى بۆردومان لە سوريا دەكات.

 

ئەوەش هاتووە، هەروەها كەناڵەكە بەشى Comment يشى لابردوە، ئەوەش گومانى دروست كردوە و ئەو كەناڵە دەيەوێت رێگە بەوە نەدات كەس كۆمێنت بنوسێت و ئاشكراى بكەن كە ڤيديۆكە دەستكارى كراوە.

 

تەئكيديش كراوەتەوە، گرتە ڤيديۆييە سروشتيەكە كە بە كامێراى تۆڕى CNN تۆمار كراوە تێيدا دەردەكەوێت كە ئاسەوارى هيچ موشەكێك بوونى نييە، هەروەها بە ئاشكرا ديارە كە ڤيديۆكە دەستكارى كراوە و موشەكەكەى بۆ زياد كراوە بۆ ئەوەى وا لێكبدرێتەوە كە بۆردومانى ئيسرائيل بووەتە هۆى تەقينەوەكە.

 

هەروەها پێشتريش ڤيديۆيەكى دروستكراوى تر بڵاوكرايەوە كە تێيدا موشەكێك زيادكراوە كە لە بەندەرەكە دەدات، بەڵام هەرزوو ئەويش بەدرۆ خرايەوە.

 

هەرچەندە بەرپرسانى لوبنان هۆکارى تەقینەوەکەیان بۆ تەقینەوەى ماددەى نیتراتى ئەمۆنیم گەڕاندووەتەوە کە لەو کۆگایەى بەندەرەکە هەڵگیرابوو، بەڵام لەئێستادا هۆکارى دەرەکى بەدوور نازانن کە بوبێتە هۆى روودانى ئەو تەقینەوە گەورەیە.

 

میشال عون سەرۆکى لوبنان دوێنێ لەلێدوانێکیدا بۆ دەزگاکانى ڕاگەیاندنى وڵاتەکەى جەختیکردەوە، هێشتا هۆکارى تەقینەوەکە دیارینەکراوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و یەکێک لە ئەگەرەکان دەستوەردانى دەرەکییە لەرێگەى موشەک یان بۆمب یان هەر هۆکارێکى دیکە.  

  

سەرۆکى لوبنان داواى لە سەرۆکى فەڕەنسا کرد وێنەى مانگە دەستکردەکانیان بخەنە بەردەست بۆ ئەوەى هۆکارى تەقینەوەکە بزانن، باسى لەوەشکرد ئەگەر فەڕەنسا ئەو وێنانەیان پێنەدات لەسەرچاوەى دیکە داوایدەکەن.  

  

رونیشیکردەوە، لێکۆڵینەوەکان لەبارەى تەقینەوەکەوە کە رۆژى سێشەممە لە کۆگایەکى پڕ لە ماددەى تەقینەوە روویداوە لەسەر سێ ئاستە، یەکەمیان چۆنیەتى هاتن و هەڵگرتنى ماددەکە لەو بەندەرە، دووەم ئایا هۆکارەکەى کەمتەرخەمى بووە یان قەزاو قەدەر، سێیەمیش ئەگەرى دەستوەردانى دەرەکییە کە بوبێتە هۆى رووداوەکە.