گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتى تەندروستى عێراق هۆشداریدەدات لەبڵاوبوونەوەى زیاترى کۆرۆنا

2020.08.07 - 18:27
وەزارەتى تەندروستى عێراق هۆشداریدەدات لەبڵاوبوونەوەى زیاترى کۆرۆنا

ناس کورد-

وەزارەتى تەندروستى عێراق هۆشداریدا لە زیادبوونى ئامارى توشبووانى کۆرۆنا بەهۆى پشتگوێخستنى جێبەجێکردنى رێنماییەکانى وەزارەتەکە لەبارەى بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆناوە.

 

وەزارەتەکە ئەمڕۆ هەینى لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ماوەیەکى درێژە تێبینى ئەوەیانکردووە کە هاوڵاتییان جێبەجێکردنى رێنماییەکان پشتگوێدەخەن کە دەبێتە هۆى زیادبوونى گەورە لە ژمارەى توشبووان، بەکردەییش ئەوە بوووەتە هۆى زیادبوونى بەرچاوى ئامارەکان لەم دواییانەدا.

 

جەختیشیکردووەتەوە، سەرەڕاى رێوشوێنە جدییەکانى وەزارەت لە رێگەى دابینکردنى ئامێرى زیاترى هەناسەدانى دەستکرد و تاقیگە و دەرمان لە چوارچێوەى پرۆتۆکۆڵى جیهانى بۆ چارەسەر، هۆشداریدەدەنە هاوڵاتییان کە بەردەوامى پشتگوێخستنى رێنماییەکان و پابەندنەبوون پێیانەوە دەبێتە هۆى ئەنجامى کارەساتبار و بڵاوبوونەوەى پەتاکە بەشێوەیەکى فراوان.

 

وەزارەتى تەندروستى عێراق دەڵێت، سەرکەوتنى کۆتایی بەسەر پەتاکەدا بە پابەندبوونى هاوڵاتییان دەبێت بە راسپاردەکانى وەزارەت و لیژنەى باڵاى تەندروستى و سەلامەتى نیشتیمانى.

 

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى عێراق، لە 24 کاتژمێرى ڕابردوودا 17 هەزار و 517 پشکنین کراوە و سێ هەزار و 461 حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشییەکە دەستنیشان کراوە، لەئێستا ژمارەى گشتیی توشبووانیش کۆرۆنا گەیشتووەتە 144 هەزار و 64 توشبوو.

 

هەر بەپێی ئامارەکان، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، دوو هەزار و 172 توشبوو نەخۆشییەکەیان پەڕاندووە، ژمارەى گشتیی چاکبووان گەیشتووەتە 103 هەزار و 197 حاڵەت.  هەروەها 75 توشبووی تر بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانیانلەدەستداوە و ژمارەى گشتیی مردووانیش گەیشتووەتە پێنج هەزار و 236 حاڵەت.