گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

چەند پێشنیارێکى خستۆتەڕوو

گازپرۆمى ڕوسى چاوى لە گازى سروشتى گەرمیانە

2019.04.21 - 22:35
گازپرۆمى ڕوسى چاوى لە گازى سروشتى گەرمیانە

ناس کورد- پشتیوان جه‌لال

.

گازپرۆمى ڕوسى، بۆ ده‌رهێنان و په‌ره‌پێدانى گازى سروشتى گه‌رمیان دوو پێشنیارى داوەتە حكومه‌تى هه‌رێم و لایه‌نه‌ ئیدارییه‌كانى ناوچه‌كه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش دوو كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌ و بڕیارى کۆتایی بۆ ئەو پێشنیارانە لاى ڕوسیا و حکومەتى هەرێمە.

.

دابینکردنى گازى سروشتى بۆ وێستگەى کارەباى گەرمیان لە ئەگەرى دروستکردنى ئەو وێستگەیە، یەکێک لە پێشنیارەکانى کۆمپانیا ڕوسیەکەى بوارى گەڕان و دەرهێنانى نەوت.

.

گازپرۆم چاوى لەسەر گازى سروشتى گەرمیانە:

بە گوێرەى زانیارییەکانى ناس کورد، لیژنەیەکى كۆمپانیاى گازپرۆمى ڕوسى لە گەرمیان، دوو کۆبوونەوەى تایبەت به‌ پرسى پەرەپێدان و بەرهەمهێنانى گازى سروشتى ناوچەکەى لەگەڵ ئیدارەى گەرمیان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئه‌نجامداوه‌.

.

ڕامیار عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەرى ناحیەى سەرقەڵا تایبەت بە ناس کورد-ى ڕاگەیاند: " له‌كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى گازپرۆم پێشنیازى ئەوەمان کردووە، سەرقەڵا و گەرمیان پێویستییان بە وێستگەى کارەبا و پاڵاوگە هەیە، بۆ ئەوەى هەلى کار بۆ هاوڵاتیان بڕەخسێنێت و خەڵکى گەرمیانیش ڕزگارى بێت لە بێ کارەبایى".

.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

.

لەبارەى پێشنیارەکانى گازپرۆم بۆ پەرەپێدانى گازى سروشتى گەرمیان، ناس کورد زانیویەتى ئەو کۆمپانیا ڕوسییە، دوو پێشنیازى خستۆتە بەردەست بەرپرسانى ناوچەکە، کە بریتین لە دابینکردنى گازى شل بۆ دانیشتوانى گەرمیان و دابینکردنى گاز بۆ ئەو وێستگەیەى کە بڕیارە لە گەرمیان دروستبکرێت.

.

به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا، ده‌باره‌ى پێشنیاره‌كان وتی "گازپرۆم دوو بیرۆکەى هەیە، ئەوانیش گازى سروشتى لە گەرمیان دەربهێندرێت و ببرێت بۆ چەمچەماڵ لە ڕێگه‌ى بۆرییەوە، کە بە درێژایی 60 کیلۆمەتر بۆرى ڕادەکێشرێت، بیرۆکەى دووەمیش ئه‌وه‌ی كه‌ لە گەرمیان وێستگەیەکى کارەبا دروستبکرێت و گازى بۆ دابین بکرێت، ئێمە پشتگیرى بیرۆکەى دووەم دەکەین".

.

سەرچاوەیەکى ئاگادار ئەوەى بە ناس کورد وت، لیژنەکەى گازپرۆم و لیژنەکەى ئیدارەى گەرمیان کە نوێنەرى وه‌زاره‌تى سامانە سروشتییەکانى هەرێمیشى تێدابووە، لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون هەردوولا پێشنیارەکانیان بۆ ڕوسیا و ئەنجومەنى نەوت و گازى هەرێمى بەرزبكەنەوە، بۆ ئەوەى بڕیارى کۆتایی لە بارەیەوە بدرێت.

.

ئەو سەرچاوەیە وتیشى، لەلایەن وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستانەوە، پێشنیارەکانى کۆمپانیا ڕوسییەکە بە هەند وەرگیراوە و ئەگەر هەیە، له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌نجومه‌نى نه‌وت و گازى هه‌رێمى و وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌كانەوە ڕەزامەندى بدرێت به‌ کارکردنى گازپڕۆم بۆ بەرهەمهێنانى گازى سروشتى له‌ گەرمیان.

.

.

وێستگەى بەرهەمهێنانى کارەباى گەرمیان:

ساڵی 2017 وه‌زاره‌تى كاره‌بای هەرێمى کوردستان بڕیاری دروستكردنى وێستگه‌یه‌كى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌بای له‌ گه‌رمیان دا، به‌ڵام پاش زیاتر له‌ دوو ساڵ هێشتا ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ نەچۆتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

.

بەڕێوەبەرى کارەباى گەرمیانیش دەڵێت، دۆسیەیان بۆ دروستکردنى وێستگەى کارەباى گەرمیان كردۆته‌وه‌ و کارەکانى لاى ئەوان تەواو بووە.

.

حازم کەریم، بەڕێوەبەرى گشتى کارەباى گەرمیان لە لێدوانێکى تایبەتدا بۆ ناس کورد - وتى، "دروستکردنى وێستگەى بەرهەمێنانى کارەباى گەرمیان لە وەزارەتى کارەباى هەرێم هەموو کارێکى تەواو بووە و تەنها ڕەزامەندى کۆتایی ماوە".

.

بە گوێرەى نوسراوى ژمارە (1109) لە بەروارى 1/3/2017 کە واژووى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکومەتى هه‌رێمى كوردستانى لەسەرە، ئاماژە بەوەکراوە، دیوانى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم ڕەزامەندى دەربڕیوە لەسەر دروستکردنى وێستگەی بەرهەمهێنانى کارەبا لە گەرمیان، ئەوەش لە ڕێگه‌ى کەرتى تایبەت و پاش دیراسەکردنى لەلایەن وەزارەتى کارەباوە.

.

.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

.

بەڕێوەبەرى کارەباى گەرمیان ده‌ڵێت، ئەنجومەنى وەزیران بڕیار لەسەر ئەو کۆمپانیایە دەدات کە بە دروستکردى وێستگەکە هەڵدەستێت.

.

شوێنى دروستکردنى ئەو وێستگەیەش دەکەوێتە سنورى ناحیەى سەرقەڵا، لەوبارەیەوە ڕامیار عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەرى ناحیەکە ئاماژەى بەوەکرد، وەک حکومەتى خۆجێى ناوچەكه‌ و قائیمقامیەت و ئیدارەى گەرمیان و ناحیەى سەرقەڵا، پێداگیرییان لەسەر دروستکردنى وێستگەى کارەبا کردۆته‌وە.

.

بەڕێوەبەرى ناحیەى سەرقەڵا، وتیشى: "گازپڕۆم دەڵێت، ئەو گازەى بەرهەمیده‌هێنن ببرێت بۆ چەمچەماڵ یان بۆ وێستگەیەک لە گەرمیان گرفتیان نییە، بەڵام ئێمە پێداگیریمان لەسەر خاڵى دووەم کردووە".

.

لە هه‌رێمی كوردستان تا ئێستا 5 وێستگە بەرهەمهێنانى کارەبا هەن کە بە سوتەمەنى كارده‌كه‌ن، لە پاڵ ئەوانیشدا وێستگه‌كانی دوكان و ده‌ربه‌ندیخانیش به‌ ئاو کاردەکەن و پێکەوە نزیكه‌ی 2 هەزار و 600 مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌مده‌هێنن.

.

 

.

گازەکە دەسوتێت و  بەهەدەر دەڕوات:

لە سنورى ناحیەى سەرقەڵا لە گەرمیان لە بیرە نەوتییەکانى حەسیرە و میل قاسم و کەواچەرموو، نەوت دەردەهێنرێت، کە بە گوێرەى زانیارییەکانى ناس کورد ڕۆژانە نزیکەى 35 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگه‌ى تەنکەرەوە ڕەوانە دەکرێت.

.

تا ئێستا لە کێڵگە نەوتییەکانى گەرمیان تەنها نەوت دەرهێنراوە، لە کاتى دەرهێنانى نەوتەکەش ئەو گازەى دەردەچێت بە هەدەر دەڕوات، هونەر شێخلەنگەرى ڕۆژنامەنوسى تایبەتمەندى ئابورى لە گەرمیان بە ناس کوردى ڕاگەیاند: "سێ تریلیۆن مەتر سێجا یەدەگ گازی سروشتی لە بلۆکە نەوتییەکانى گەرمیان هەن، تا ئێستا تەنها یەک بیر بۆ دەرهێنانى گاز هەڵکەندراوە لە کێڵگەى کوردەمیر، بەڵام تا ئێستا گازى لێدەرنەهێندراوە".

.

ئەو ڕۆژنامەنوسە وتیشی، لە کاتى دەرهێنانى نەوت لەو کێڵگانەى گەرمیان ئەو گازەى دێتە دەرەوە دەسوتێت و بەهەدەر دەڕوات.

.

گەرمیان بە ناوچەیەکى دەوڵەمەند دادەنرێت لەڕووى بوونى گازى سروشتى و نەوتەوە، بە جۆرێک شارەزایان دەڵێن لە ئاستى عێراق و ناوچەکەش بەهۆى چەندێتى و جۆریشەوە گاز و نەوتى گەرمیان چاوى کۆمپانیا گەورەکانى بوارى نەوتى لەسەرە.