گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’وەزیری کشتوکاڵ دەڵێت ئێمە هێزمان نییە ڕێگری لێ بکەین’’

عەلی حەمە ساڵح هاوار دەکات.. ’’تکایە ئەم قاچاخی و تاڵانی و مافیاگەريیە ڕابگرن’’

2020.08.07 - 12:05
عەلی حەمە ساڵح هاوار دەکات.. ’’تکایە ئەم قاچاخی و تاڵانی و مافیاگەريیە ڕابگرن’’

ناس كورد-

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ چەندین جوتیارو حەیواندار کە ھەمویان تووشی زیانی گەورەبوون بەدواداچوونیان کردوە بۆ ئەو قاچاخی و تاڵانیەی کە ھەیە و دەڵێت، "ئەوەی ئێستا لە کوردستان دەکرێت لە 1991یش نەبووە."

 

عەلی حەمە ساڵح دەڵێت، "بە ئاشکرا لە بازاڕدا نوسینگەی قاچاخی دانراوە ھەرچیت بوێت ژمارەی ئۆتۆمبیلەکەت لێوەردەگرن و بۆت داخڵدەکەن. ئەمڕۆ بەڕادێک خەیار و سێو و پیازو قۆخ بە چوار ھەزار دۆلار داخڵدەکەن، ھێڵکە بە 12 ھەزار دۆلار، جگەرە بە نیوەی بەھای گومرگەکەی و ھەرچی دیکەشت ھەبێت بۆت داخڵدەکرێت."

دەشڵێت، ئێستا تەنیا لە قاچاخی جگەرە مانگانە 10 ملیۆن دۆلار دەبرێت!"

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، "ئێستا لە شەقامی سەھۆڵەکە و بازاڕی دۆلارەکە با ئاشکرا نوسینگەی قاچاخی دانراوە، چیت بوێت بە بەرچاوی ھێزە ئەمنیەکانی حکومەتەوە لە باشماخ و پەروێزخانەوە بۆت داخڵدەکرێت."

 

ڕاشیگەیاند، "بڕیار بەدەست لە خاڵی سنوری وەلیدو خاپور لەگەڵ ڕۆژئاوا چی بڕوات و بێت تەنیا کۆمپانیایەکە، لە سحێلاوە دوو سەر حەیوان بە ٣٥ ھەزار داخڵدەکەن. زیانیان بە سەدان مەڕداڕ گەیاندوە."


عەلی حەمە ساڵح دەشڵێت، "ھەرچەندە ئەم قاچاخی و قۆرخکاریە واجھەکەی چەند کەسێکە، بەڵام بە دڵنیایی لوتکەی دەسەڵاتی حیزبی و ئەمنی و حکومی لە پشتە ئەگەرنا ناکرێت. من لە مانگی 12ی پار ساڵەوە بەو پەڕی وردەکاریەوە چی لەسەرجەم خاڵە سنوریەکان ڕودەدات، خستمە بەردەست جەنابتان، لەبری ئەوەی چاکبکرێت ئێستا زیادی کرد."

 

لە کۆتاییدا دەڵێت، "فەرموون ئەوە ھێزە ئەمنیەکانی حکومەتی ھەرێم بەشێکن لەم قاچاخیە، بەیەک بڕیار ڕێگای لێدەگیرێت، لە ھەر سنورێک قاچاخی بکرێت، ئەو ھێزەی لەوێیە فەسڵی بکەن. فەرمون من ناوی ھەرچی قاچاخچی و بەردەست و کۆمپانیایە پێتاندەڵێم ڕایبگرن."

 

ئەو دەپرسێت "ئایا دەکرێت موچە خۆرێک ئەمە دۆخی موچەکەی بێت؟، بەڵام مانگانە بەرپرسان و دەڵاڵەکانیان لەسەر حسابی خەڵک مانگانە دەیان ملیۆن دۆلاریان دەستبکەوێت."

 

باسی لەوەشکردووە کە "قسەم لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ کردو، دەڵێ: ئێمە ھێزمان نییە ڕێگری لەم مافیاکاریە بکەین، نوسراوم کردوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و زیانی گەورە بەر جوتیاران کەوتووە."