گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’تەقینەوەکە وەک بومەلەرزە وابوو’’

ئەو پەرستارە ئازایەی لەکاتی تەقینەوەکەى بەیروت سێ منداڵی ڕزگارکرد باس لە چیرۆکەکەى دەکات

2020.08.07 - 11:56
ئەو پەرستارە ئازایەی لەکاتی تەقینەوەکەى بەیروت سێ منداڵی ڕزگارکرد باس لە چیرۆکەکەى دەکات

ناس كورد-  

بامیلا زینون، ئەو پەرستارەى لە کاتی تەقینەوەکەى سێشەممەى ڕابردوو بەیروتدا سێ منداڵی لە مردن ڕزگار کرد و وێنەکەى بە شێوەیەکی بەربڵاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە چیرۆکی ئازایەتی خۆی دەگێڕێتەوە لەو کاتە ناخۆشەدا، ئەو نەخۆشخانەى بامیلای تێدا بوو بە تەواوی بەهۆی تەقینەوەکەوە زیانی پێگەیشتووە.  

 

بامیلا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوز دەڵێت، "تەقینەوەکە وەک بومەلەرزە وابوو، یەکسەر بەشێک لە سەقفی نەخۆشخانەکە کەوتە خوارەوە، بەڵام ئەو منداڵانەى کە خستمنە باوەشم هیچ ئازارێکیان پێنەگەشت."  

  

دوای تەقینەوەکە، دەرچەیەکی بچوک دەدۆزرێتەوە تاوەکو ئەوانەى لە نەخۆشخانەکەدان بچنە دەرەوە، نەخۆشخانەکە تەواو تاریک بووە بەهۆی پچڕانی کارەبا، بەڵام بامیلای پەرستار سێ منداڵەکەى بەجێنەهێشتووە و هەموویانی بردووەتە دەرەوە، لەو کاتەدا بامیلا لە قاتی چوارەمی نەخۆشخانەکە بووە.  

  

لەدوای دەربازبوون، تەنانەت دۆزینەوەى ئۆتۆمبێلێکیش کە بە ساغی مابێتەوە سەخت بووە، بۆیە ناچار بامیلا بە ڕاکردن هەر سێ منداڵەکەى بردووە بۆ نەخۆشخانەیەکی تر تاوەکو لەوێ بخرێنە ژێر چاودێری.  

  

بامیلا دەشڵێت، "داوام لە چەند ژنێک کرد پارچە قوماشم بدەنێ بۆ ئەوەى منداڵەکانی پێ داپۆشم، زۆر ژن جلەکانی بەری خۆیان دادەکەن تاوەکو منداڵەکانی پێ گەرم بکەمەوە."  

  

بەهۆی گەورەیی تەقینەوەکە و وێرانبوونی نەخۆشخانەکان، بامیلا ناچار بوو چەند نەخۆشخانەیەک بگەڕێت تاوەکو شوێنێکی باش بۆ منداڵەکان بدۆزێتەوە، دواجار نەخۆشخانەى "ئەبو جەودە" منداڵەکانی وەرگرتووە.  

  

ڕۆژی سێشەممەى ڕابردوو، 4ی ئابی 2020، تەقینەوەیەکی گەورە لە کۆگایەکی بەندەری بەیروت کە مادەى تەقینەوەی "نیتراتی ئامۆنیۆم"ی تیدابوو ڕوویدا، و بووەهۆی وێرانکردنی بەندەرەکە و ناوچەیەکی زۆری بەیروتی پایتەخت، تائێستا 137 کوژراو و زیاتر لە پێنج هەزار بریندار تۆمار کراون، هێشتا دەیان تەرمی تر لە ژێر داروپەردوی باڵەخانە ڕووخاوەکاندان.