گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەزار دۆلاریش دەداتە هەر کارمەندێک

کارمەندانی فەیسبوک تاوەکو یەک ساڵی تر لە ماڵەوە کار دەکەن

2020.08.07 - 10:33
کارمەندانی فەیسبوک تاوەکو یەک ساڵی تر لە ماڵەوە کار دەکەن

ناس کورد-

بەهۆی بڵاوبوونەوەى زیاتر ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا و جیهاندا، گەورە کۆمپانیای فەیسبوک ڕێگە بە کارمەندانی دەدات تاوەکو مانگی تەموزی ساڵی داهاتوو لە ماڵەوە کار بکەن، هەر کارمەندێکیش هەزار دۆلاری پێ دەدرێت بۆئەوەى کەلوپەلی پێویست بۆ ئۆفیسەکەى لە ماڵەوە دابین بکات، ئەوەش بە قسەى وتەبێژی کۆمپانیاکە کە خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک و ئینستاگرام و واتسئەپە.

 

ئەو هەنگاوە پێشتر لەلایەن چەند گەورە کۆمپانیایەکەوە پەیڕەوکرا، بەمدواییە کۆمپانیای یوتوب ئاشکرایکرد کە تاوەکو حوزەیرانی ساڵی داهاتوو ڕێگە بەو کارمەندانە دەدات لە ماڵەوە کار بکەن کە پێویست ناکات لە ئۆفیسی سەرەکی بن، پێشتریش کۆمپانیای تویتەری هەموو خزمەتگوزارییەکی بۆ کارمەندانی دابینکرد تاوەکو لە ماڵەوە کار بکەن.

 

ڕاگەیەنراوەکەى وتەبێژی فەیسبوک دەڵێت، "لەسەر بنەمای ڕێنمایی شارەزایانی حکومی و تەندروستی، هەروەها لەدوای تاوتوێکردنی بابەتەکە لەلایەن خۆمانەوە، ڕێگە بە کارکردنی کارمەندانمان لە ماڵەوە دەدەین تاوەکو تەموزی 2021."

 

دەشڵێت، "جگە لەوەش، هەر کارمەندێک بڕی هەزار دۆلاری پێ دەدرێت بۆ دابینکردنی کەلوپەلی ئۆفیسەکەى لە ماڵەوە."

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، کۆمپانیاکە بەردەوام دەبێت لە دووبارە کردنەوەى چەند ئۆفیسێک بەڵام بە ڕێکار و ڕێنمایی تایبەت بۆ خۆپارێزی و بەرگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە.

 

لەئێستادا ڤایرۆسی کۆرۆنا 19 ملیۆن و 266 هەزار کەسی لە جیهاندا گیرۆدەکردووە، لەو ژمارەیەش، 717 هەزار و 799 کەسی کوشتووە.