گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’دۆخەکە زۆر خراپە و کۆنتڕۆڵ ناکرێت’’

سەرۆکی پزیشکانی نەخۆشخانەى ڕزگاری: 18%ی خەڵکی ناو هەولێر توشی کۆرۆنا بوون

2020.08.07 - 08:41
سەرۆکی پزیشکانی نەخۆشخانەى ڕزگاری: 18%ی خەڵکی ناو هەولێر توشی کۆرۆنا بوون

ناس کورد-

ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دۆخی کۆرۆنا لە هەولێری پایتەخت بەرەو خراپی دەچێت، وەزارەتی تەندروستی و پزیشکان داوا لە هاوڵاتیان دەکەن زیاتر پابەندی ڕێنماییەکان بن، ئامارەکانیش وەزارەتی تەندروستیش ڕۆژانە لە بەرزبوونەوەدایە.

 

عیماد ئەحمەد، سەرۆکی پزیشکانی گشتیی نەخۆشخانەی ڕزگاری لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت، "پێشتر لە مانگێکدا سێ تەن ئوکسجینی شل بەکاردەهێنرا بەڵام لە ئێستادا ڕۆژانە سێ تەن بەکاردەهێنین، نەخۆش زۆرە و حاڵەتەکان ناجێگیرن، ڕێژەی مردن بەراورد بە وڵاتانی زلهێز و پێشکەوتوو زۆر باشترە بەردەوام دکتۆر و کارمەندەکان لەناو نەخۆشخانەن لای نەخۆشەکان بەڵام کۆنتڕۆڵ ناکرێت."

 

دەشڵێت، "کۆنتڕۆڵی ئەو ڤایرۆسە کوشندەیە بە کەس نەکراوە لە جیهاندا بەڵام ئەوەی ئێمە کردوومانە هەست ناکەین لە شوێنی تر کرابێت هەموو جیهازمان دابینکردووە، نەخۆشخانەی رزگاری هەموو قاتەکانی بوونەتە عینایە، زۆربەی ئەو حاڵەتانەی کە دێن ناجێگیرن و حاڵەت زۆر زۆرە و لە دوو هەفتەی داهاتوو هەست دەکەین خراپتر دەبێت لەبەر ئەوەی دەگاتە پیکەکەی ئەوەی گرتی و ئەوەی لێ رزگاربوو."

 

سەرۆکی پزیشکانی گشتی نەخۆشخانەی ڕزگاری ئاماژەى بەوەشکردووە، "ئێمە هەر قسەمان دەکرد کەس باوەری بە ئێمە نەبوو پابەند نەبوون بە رێنماییەکانی تەندروستی دەیانوت کۆرۆنا ڕاست نییە و سیاسیە و بابەتی موچەیە تا وایلێهات، تەنها لە نەخۆشخانەی ڕۆژهەڵات 50 کارمەند و دکتۆر تووشی کۆرۆنا بوونە و لە رزگاریش تا 40 کارمەند و دکتۆر تووش بوونە و زۆر خەڵکیش هەیە لە ماڵەوە خۆیان کەرەنتینە دەکەن".

 

عیماد ئەحمەد دەشڵێت، "ڕێژەی 18% ی دانیشتووانی ناو سەنتەری شاری هەولێر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە بەپێی ئەو تلیفۆنانەی کە دەکرێن، خۆم سێ جار نەخۆش کەوتووم و هەموو نیشانەکانیش کۆرۆنا بووە و زۆربەی دکتۆرەکانیش تووش دەبن و گرنگی بە تەندروستی خۆیان نادەن، لە مانگی دوو و پێنج کۆرۆنام هەبووە و ئەمرۆ باشتر بومە، ئەوە تەنها من نیم ئەوانەی لەناو تەندروستی کاردەکەن زۆربەیان تووش بوونە، بۆ نمونە دکتۆر کاروان بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕۆژئاوایە بەهەمان شێوە تووشی کۆرۆنا بووە بەڵام لەناو نەخۆشەکانی کۆرۆنایە و چارەسەریان دەکات، ئێمە لەناو بارودۆخەکەداین خەڵک لە دەرەوەیە ئێمە دەزانین بارودۆخەکە چەندە ناجێگیرە و بارودۆخی نەخۆشەکانمان چەند خراپە".

 

بەپێی دواین داتاکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، کۆی گشتی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 16 هەزار و 84 کەس، لەو ژمارەیەش 611 کەس گیانیان لە دەستداوە.