گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

وەرگرتنی چەك بەرامبەر بە دادگاییكردنیان

حکومەتی عێراق دەیەوێت سەودا بە چەکدارە دیلەکانی داعشەوە بکات

2019.03.04 - 10:32
حکومەتی عێراق دەیەوێت  سەودا  بە چەکدارە دیلەکانی داعشەوە بکات

 

 

 

ناس کورد-

 

لەبەغدادی پایتەخت مشتومڕێكی گەرم لەئارادایە دەربارەی ئەو داعشە بیانیانەی كە لەسوریاوە هاتوون‌و چەند سەرچاوەیەكی سیاسیش جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە "حكومەتی عێراق كار لەسەر پلانێكی گشتگیر دەكات بۆ هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ ئەو داعشە بیانیانە و مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسییە ئاڵۆزەكانیان".

 

سەرچاوەیەك بۆ ناس كورد ئاماژە بەوە دەكات عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی لەكاركردندان بۆ ئامادەكردنی رێككەوتنێك كە بگونجێت لەگەڵ ئەو بارودۆخەی ئێستای عێراق، رێككەوتنێك لەچوارچێوەی یاسا عێراقییەكان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو بیانییانەی كە دەستیان سوور نییە بە خوێنی رۆڵەكانی عێراق‌و یەكلایكردنەوەی دۆسیەی ئەو ئەندامانەی رێكخراوی داعش كە لەسوریاوە هاتوون‌و ماوەی چەند رۆژێكە لەخێوەتگەكانی ناوچە دوورە دەستەكانی عێراق جێگیر كراون.

 

"بەكورتی سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا دەكەن نەبادا ببنە جێی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتیانی عێراق،" سەرچاوەكەی ناس كورد وای وت.

 

سەرچاوەكە بۆ ناس كورد پەردەی لەسەر نهێنی نیازی حكومەتی عێراق بۆ ئەنجامدانی رێككەوتن لەگەڵ حكومەتەكانی ئەو چەكدارە بیانیانە هەڵماڵی‌و وتی "حكومەتی عێراق نیازی ئەوەی هەیە داوا لەو وڵاتانە بكات كە هاونیشتیمانییەكانیان لەنێو ریزەكانی داعش بوون‌و لەئێستادا لەنێو خێوەتگەكانی عێراقن لەبەرامبەر بە دادگایكردنیان‌و مانەوەیان لەگرتوخانەكانی عێراق لەپتەوكردنی ئاسایشی ناوخۆی عێراق هاوكاری حكومەتی عێراق بكەن".

 

بەوتەی سەرچاوەكە "لەبەرامبەردا پێویستە ئەو وڵاتانە چەك‌و تەقەمەنی پێشكەوتوو بدەنە عێراق‌و بۆ بەرزكردنەوەی ئابوری نێوخۆی عێراق‌و بوژانەوەی ژێرخانەکەی و قەرزی دارایی بدەنە عێراق".

 هیشام هاشمی توێژەر لەكاروباری ئاسایش‌و ستراتیژی گروپە توندئاژووەكان‌و پسپۆڕ لەدۆسیەی داعش لەو بڕوایەدایە كە "نووسراوی یاسایی بۆ ئەو دۆسیەیە بریتیە لەوەی كە ئەنجومەنی ئاسایشی عێراق چەند پێشنیارێك بۆ شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم ئەندامانەی داعشدا كە مشتومڕیان لەسەرە بخاتە بەردەم ئەنجومەنی باڵای دادوەری، بۆ ئەوەی ئەوانیش چاو بەم پێشنیارانەدا بخشێننەوە یان بەپێی یاساكانی ئێستا مامەڵەیان لەگەڵ بكات یاخود پێشنیاری یاسایەكی نوێ بكات و پێشكەشی پەرلەمانی بكەن تاوەكو لێكۆڵینەوەی لەسەر بكەن و بۆ ئەو یاسایانەی ئێستا هەن لەبارەی تیرۆر، زیاد بكرێت".

 

هاشمی بۆ ناس كورد جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە "ئەندامەكانی داعش كە هاونیشتیمانی عێراقین بەپێی یاسا عێراقیەكان دادگایی دەكرێن، ئەو داعشە بیانیانەش كە لەسەر خاكی عێراق جەنگاون بەهەمان شێوەی ئەوان دادگایی دەكرێن."

 

روونیشیكردەوە "بەڵام هەتا ئێستا روانینێكی روون بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ خێزان‌و منداڵەكانی چەكدارەكانی داعش لەئارادا نییە، ئایا بەپێی تاوانی سنوربەزاندن دادگایی دەكرێن، یان بەیاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر وەكو كۆمەڵە تیرۆریستێك دادگایی دەكرێن؟"

 

بەبڕوای هیشام هاشمی گرفتێكی دیكەی ئەم دۆسیەیە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە "ئەو داعشە بیانییانەی كە تەنها لەسەر خاكی سوریا شەڕیان كردووە، ئایا عێراق دەبێت لەگرتوخانەكانی خۆی بیانهێڵێتەوە‌و لەبەرامبەریشدا چەك و هاوكاری ماددی وەربگرێت، یان رێگەچارەی دیكە بۆ ئەو بابەتە بدۆزرێتەوە".

 

وتیشی "بەبڕوای من ئەمە ئەو پرسیارە گرنگەیە كەوای كردوە بەرپرسانی عێراق بەدوای وەڵام‌و هەڵبژاردنی بڕیارێكی گونجاودا بگەڕێن بۆی".