گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’دەزگایەك متمانەی لەپەرلەمانەوە وەرگرتبێت ناتوانێت هەڵیبوەشێنێتەوە’ 

لێكدانەوە جیاوازەكان لەبارەى هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەربەستە لەبەردەم هەڵبژاردنی پێشوەخت

2020.08.06 - 14:50
لێكدانەوە جیاوازەكان لەبارەى هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەربەستە لەبەردەم هەڵبژاردنی پێشوەخت

ناس کورد- 

لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، دادگای فیدراڵی تەنها لایەنە دەتوانێت مادە دەستورییەكان كە پەیوەندییان بەهەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانەوە هەیە شیبكاتەوە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، هەڵبژاردنی پێشوەخت پێویستی بەچەند بنەمایەكی سەرەكی هەیە بۆ سەركەوتنی.

 

محمەد غەزی، جێگری لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی عێراق بەمیدیاكانی وڵاتەكەی ڕاگەیاندووە، بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستی بەچەند بنەمایەكی سەرەكییە بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت، یەكێك لەوانەش تەواوكردنی یاسای هەڵبژاردنەكان و بڵاوكردنەوەیەتی لەڕۆژنامە فەرمییەكاندا.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كارێكی دیكە پەیوەندی بەدابینكردنی دەرماڵەی دارایی پێویستەوە هەیە بۆ كاروبارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و حكومەتیش ئامادەسازی خۆی بۆ ئەو كارە دەربڕیوە و هەنگاوی سێهەمیش پەیوەندی بەهەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانەوە هەیە بەمەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە.



ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی كردووەتەوە، ڕێگای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەپێی مادەی 64ی دەستور دەبێت دواتریش پێش 60 ڕۆژ لەمێژووی هەڵوەشاندنەوەكە سەرۆككۆمار ڕێكەوتەكە ڕادەگەیەنێت.

 

غەزی جەختیشی كردووەتەوە، سەرجەم ئەو هەنگاوانە بەیەكەوە پەیوەستدارن و یاسای هەڵبژاردنەكان و دادگای فیدراڵیش پەیوەندییان بە پەرلەمانەوە هەیە.

 

لەبەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا یاساناسەكەی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەش كردووە، زۆرێك لەیاساناسەكان شیكردنەوەیان بۆ بڕگەی دووەمی مادەی 64ى دەستوری دەكەن بەپێی دیدێكی دیاریكراو، ئەو بڕگەیەش باس لەهەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەكات بەداواكارییەكی هاوبەش لەلایەن سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانەوە، ئایا پەرلەمان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕەزامەند دەبێت یاخود بڕگەكە ڕاستەوخۆی جێبەجێ دەكرێت و هەڵدەوشێتەوە..؟

 

غەزی دەشڵێت، تەنها لایەن كە تایبەتمەندە بە شیكردنەوەی مادە دەستورییەكان دادگای فیدراڵیە و شیكردنەوەی ئەو مادەیەش پەیوەستە بەتەواوكردنی یاسای فیدراڵیەوە كە ئێستا پەكیكەوتووە و ئەوەش وەها دەكات نەتوانن بەئاسانی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت سوور ببن كە كێ دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هەیە.

 

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، لیژنەی یاسایی وای دەبینێت لەهەردوو حاڵەكەدا گەر داواكاریی هەڵوەشاندنەوەكە لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە بێت یاخود لەلایەن سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانەوە بێت، ئەوا پێویستە بەڕەزامەندی و دەنگدانی پەرلەمان بێت، بەوپێەی كە سیستمی دەستوری مادەكانی پەیوەندییان پێكەوە هەیە و ناكرێت شیكردنەوە بۆ مادەیەكی بەدەر لەمادەیەكی دیكە بكرێت.

 

جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە، مادەی یەكەم لەدەستوری عێراق دەڵێت سیستم لەعێراقدا پەرلەمانیە، ئەوەش بەو واتایە دێت كە ئەو دەزگایەی كە پەرلەمان دەنگ و متمانەی پێدەدات ناتوانێت پەرلەمان هەڵوەشێنیێەوە.