گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرپرسێكی لوبنان لەبەرامبەر هاریكارییەكان سوپاسی عێراق و سەرزەنشتی ئەوانی دیكە دەكات

2020.08.06 - 09:25
بەرپرسێكی لوبنان لەبەرامبەر هاریكارییەكان سوپاسی عێراق و سەرزەنشتی ئەوانی دیكە دەكات

ناس کورد- 

بەرپرسێكی باڵای لوبنان هەوڵەكانی مستەفا كازمی بۆ بەدەنگەوەهاتنى عێراق و هاریکاریکردنى لوبنان لەدواى تەقینەوەکەى بەندەرى بەیروت  بەرزدەنرخێنێت و داوا لە وڵاتە عەرەبییەکانى تر دەکات دەستهەڵبگرن لەڕق و كینە و هاوشێوەی عێراق دەستی هاریكاری بۆ لوبنان درێژ بكەن.

لەمیانەى بڵاوکردنەوەى تویتێکدا لە هەژمارەکەى خۆى لە تویتەر، ویئام وەهاب وەزیری پێشووی ژینگەی لوبنان و سەرۆكی حزبی (التوحد العربي) نوسیویەتی "لەتاریكیدا هەر دەبێت ڕۆشناییەك هەبێت، سوپاسی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانى عێراق دەكەین كە بە لیوا عەباس ئیبراهیمی ڕاگەیاندووە مانگانە سەد هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی سوریاوە ڕەوانەی لوبنان دەكەن، ئومێد دەكەین برا عەرەبەكانیشمان دەست لەڕق و كینە هەڵگرن و لەم دۆخەدا دەستپێشخەری لەو جۆرە بكەن". 

 

وەهاب ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، سەرۆكوەزیرانی عێراق مایەی ڕێز و سوپاسە لەسەر ئەو هاریكارییەی كە لەدوای كارەساتەكەوە پێشكەشی لوبنانی كردووە و بەداخیشەوە بۆ هاریكارییەكانی دیكە بەپێی قەبارەی كارەساتەكە نەبوو، بەڵام دونیاش قەرز و قەرزدانەوەیە.

ئەو بەرپرسەی لوبنان رونیکردەوە "جێی داخە بۆ هەندێك هاریكاری كە پێمانگەیشتووە و پێویستمان پێی نەبووە، ئێمە  قەترە و ئەمپۆلمان هەیە، ئەوە شەرمە بۆتان".

 

پێشتریش ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراقی دوای تەقینەوەكە بەسەرۆکایەتى شاندێکى فریاگوزارى عێراق گەیشتە بەیروتی پایتەختی لوبنان و ڕایگەیاند، 20 تۆن لەهاریكارییە پزیشكیەكان گەیشتووەتە لوبنان و سەرۆكوەزیرانیش بەڵێنی بەبەرپرسانی لوبنانی داوە بەدابینکردنى سوتەمەنى و مانەوەى کادرە پزیشکییەکانى عێراق لەو وڵاتە تا ئەو کاتەى پێویست بێت.