گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بە يەكێك لە پاڵەوانەكان ناودەبرێت

وێنەى پەرستارێكى لوبنانى لەكاتى تەقينەوەكەدا تۆڕە كۆمەڵايەتيەكان دەهەژنێنێت

2020.08.06 - 08:36
وێنەى پەرستارێكى لوبنانى لەكاتى تەقينەوەكەدا تۆڕە كۆمەڵايەتيەكان دەهەژنێنێت

ناس کورد-

وێنەى پەرستارێكى لوبنانى كە سێ منداڵى ساواى لە تەقينەوەكەى شارى بەيروت ڕزگار كردوە تۆڕە كۆمەڵايەتيەكان دەهەژنێنێت و چالاكوانان بە پاڵەوان ناوى دەبەن.

 

وێنەكە پەرستارێكى نەخۆشخانەى "قەديس جۆرج"ە لەناوچەى ئەشرەفيە لە شارى بەيروت كە سێ منداڵى ساواى لە باوەش گرتوە و لەكاتى تەقينەوەكە ڕزگارى كردون، لاى خۆيەوە "بيلال جاويس" فۆتۆگرافەر و خاوەنى وێنەکە نوسيويەتى "16 ساڵە كارى وێنەگرتنى ڕۆژنامەوانى ئەكەم و لە چەندين جەنگدا كارم كردوە".

 

باسى لەوەشكردوە، هەرگيز ئەوەى لەناوچەى ئەشرەفيە بينيم پێشتر نەمبينيوە، بەتايبەتى لەبەردەم نەخۆشخانەى "قەديس جۆرج"، ئەم پاڵەوانە لەناو نەخۆشخانەكەدا سەرنجى ڕاكێشام، سەرەڕاى ئەوەى هێڵەكانى پەيوەندى پچڕابوون سێ منداڵى ساواى لەباوەش گرتبوو لەناو چەندين تەرم و برينداردا كە كەوتبوون هەوڵى پەيوەنديكردنى دەدا.

وێنەى پەرستارەكە لەلايەن چەندين ماڵپەڕى لوبنانى و عەرەبى و جيهانيشەوە بڵاوكراوەتەوە و ئەو پەرستارە بە پاڵەوانى ناو كارەساتەكە ناوهێنراوە.

 

بەپێى زانياريەكان، نەخۆشخانەى "قەديس جۆرج" بەهۆى تەقينەوەكەى بەيروتەوە زيانێكى زۆرى بەركەوتووە و بەتەواوەتى لەكار وەستاوە.

 

نەخۆشخانەكە بەهۆى تەقينەوەكەوە كارەباى لێبڕا و بەهۆى ئەوەشەوە ژيانى چەندين نەخۆش كە لە ژوورى چاودێرى ورددا بوون كەوتە مەترسيەوە، سەرەڕاى ئەوەش زيانێكى مادى زۆرى بەركەوتوە و چەندين نەخۆشيش بريندار بوون.

 

ئێوارەى ڕۆژى (سێشەممە) تەقينەوەيەكى بەهێز شارى بەيروتى پايتەختى لوبنانى هەژاند كە باس لەوە دەكرێت بەهۆى تەقينەوەى مادەى نيتراتى ئامۆنيۆمەوە بووە كە لە كۆگايەكدا بووە لە بەندەرى بەيروت، بەهۆى ئەوەشەوە زياتر لە 100 كەس گيانيان لەدەستداوە و هەزارانى تريش بريندار بوون.