گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە تەقینەوەکەى بەیروتدا گەڕەكێكی کۆنى تەمەن سەدان ساڵ وێران بوو

2020.08.05 - 22:20
لە تەقینەوەکەى بەیروتدا گەڕەكێكی کۆنى تەمەن سەدان ساڵ وێران بوو

ناس کورد- 

لەناوچەیەكی بەیروت كە مار میخایلی پێدەڵێن شەقامێكی قەرەباڵغ و ئاوەدان هەر بەو ناوەوە هەیە،  ئەو ناوچەیە شوێنى بەیەکگەیشتن و کۆبوونەوەى لاوەکان و زۆربەی چین و توێژەكانی شارەكە بووە دوای تەقینەوەكە وێران بووە و دانیشتویەکى ئەو گەڕەکەش دەڵێت"لەخەون و فیلمەكانیشدا شتی وەهام نەبینیوە". 

 

مار میخایل باڵەخانەیەكی شوێنەواری تێدایە كە تەمەنی بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە زۆربەی ڕووەكانی وێران بووە و بەسەختی بەر تەقینەوەكە كەوتووە و زیانێكی زۆری بەركەوتووە.

 

لینا داود لەكاتی دابەشكردنی ئاو و خۆراك بەسەر خەڵكانی پەڕاگەندە كە ماڵ و حاڵیان بەجهێشتووە ڕایگەیاند "شەقامی مار میخایل ترپەی دڵی ژیانی بەیروت بووە".

 

وتیشى " ئەوەی ڕوویداوە نەگبەتیە، وەكو ئەوە وابێت دەچمە شوێنێكی چۆڵەوە، هەرگیز ڕۆژگارێك ئەوە بەخەیاڵمدا نەهاتووە تەنانەت ڕۆژانی شەڕیش، ئاوا شەقامی مار میخایل بەو شێوەیە ببینم".

 

لای خۆشیەوە، مەروان عەبود پارێزگاری بەیروت ڕایگەیاند، قەبارەی زیانەكانی تەقینەوەكەی بەیروت دەگاتە 3 بۆ 5 ملیار دۆلار.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، نیوەی بەیروت زیانی پێگەیشتووە یاخود ڕووخاوە بارودۆخێكە لەمێژووی ئەو شارەدا ڕووینەداوە و نزیكەی 300 هەزار كەس لەماڵ و حاڵ ئاوارە و پەرتەوازەبوون.

 

خەلیل دانیشتوویەكی دیكەی ئەو ناوچە وێرانبوویە كە ئێستا تەمەنی 78 ساڵە و 50 ساڵی لەشەقامی مار میخایلدا بەسەر بردووە بەساڵانی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەشەوە دەڵێت "لەساڵانی شەڕدا موشەك و دوورهاوێژ لەنزیكمان دەكەوت، زۆر گوێمان نەدەدایێ و خۆمان دەپاراست و دەچوینە مۆڵگەكانمانەوە".

 

پیاوە بەتەمەنەكە بەحەسرەتەوە ئاماژەى بەوە کرد "ئەوەی دوێنێ شەو ڕویدا هەرگیز نەمانبینوە و تەنانەت لەناو فیلم و لەخەونەكانیشیماندا شتێكی لەو شێوەیەمان بەدی نەكردووە".