گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’پەتی سێدارەیان  بۆ هەڵواسن’

لوبنانییەكان داوای دادگایکردنى ئەو بەرپرسانە دەكەن كە بەیروتیان بەم ڕۆژە گەیاند

2020.08.05 - 18:44
لوبنانییەكان داوای دادگایکردنى ئەو بەرپرسانە دەكەن كە بەیروتیان بەم ڕۆژە گەیاند

ناس کورد-

لوبنانیەكان داوای دادگایکردن و ئامادەكردنی پەتی سێدارە بۆ ئەو بەرپرسانە دەكەن كە بەیروتی پایتەختیان بەم ڕۆژە گەیاند و لەڕۆژگاری بەرپرسیارێتیاندا ڕێگەیانداوە نیتراتی ئەمۆنیۆم بچێتە وڵاتەكەیانەوە. 

 

لەکاردانەوەى ئەو تەقینەوە گەورانەى کە دوێنێ (سێشەممە) لە شارى بەیروت روویدا و بەگوێرەى خاچى سووری لوبنانی بووە هۆی كوژرانی نزیكەی 100 كەس و زیاتر لە 4 هەزار بریندار، چالاکوانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داواى دادگایکردنى بەرپرسانى ئەو ڕووداوە دەکەن. 

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکوانان هەڵمەتى هاشتاگى (پەتى سێدارەیان بۆ هەڵواسن) دەستپێکردووە و بەرامبەر بە ڕشتنى خوێنى قوربانیانى تەقینەوەکان داواى سزادان و دادگایکردنى بەرپرسانى ئەو رووداوە دەکەن. 

 

لە هەڵمەتەکەدا داواى دادگایکردن و سزادانى ئەو بەرپرسانە کراوە کە لە 2014 پلەو پۆستیان هەبووە و لەو ماوەیەدا ڕێگەیان داوە بارهەڵگری نیتراتی ئەمۆنیۆم كە هۆكاری تەقینەوەكە بووە بهێنرێتە لوبنانەوە.

 

لە یەكێك لەهاشتاگەكاندا نووسراوە "ئەوەی یەكەم كەس دەبێت دادگایی بكرێت، مەجیب میقاتی سەرۆكوەزیرانی پێشووى لوبنان و غازی عەرێزی وەزیری گواستنەوەی پێشوو و شەفیق مورعی بەڕێوەبەری پێشووی گومرگ و دادوەری كاروبارە كتوپڕەكانی بەیروت، کە لەسەردەمی ئەواندا بارهەڵگری ئەمۆنیۆم هاتووەتە بەندەری بەیروت. 

 

داواش کراوە کە پەتی سێدارە بۆ ئەوانە ئامادە بکرێت كە بەو كارەیان زانیووە و لێی بێدەنگ بوون. 

 

ژمارەیەک چالاکوانى تریش داوایان کرد کە نابێت هیچ كەسێك ئەوانەی بەرپرسن لەو ڕوداوە بێبەری بكرێن و سزای هەموو ئەوانەش بدرێت كە بەیروتیان بەم ڕۆژە گەیاند.

 

دوێنێ (سێشەممە) لەبەندەری بەیروتی پایتەختی لوبنان تەقینەوەیەكی بەهێز شارەكەی هەژاند و لەئاكامدا نزیكەی 100 كوژراو و نزیكەی 4 هەزار برینداری لێكەوتەوە و بەو هۆیەوە سێ ڕۆژ ماتەم ڕاگەیەنرا و و تەقینەوەكە كاردانەوەی نێودەوڵەتی و ناوچەیی لێكەوتەوە.